سووریا بڕى پارەى جەژنانەى راگەیاند؛ خانەنشینانى سەربازیی دواى 2011 ناگرێتەوە

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕى پارەى جەژنانەى فەرمانبەران و خانەنشینان لە سووریا دیاریکرا کە مووچەى مانگێکە بەبێ لێبڕێن و خانەنشینانى سەربازى دواى 2011 ناگرێتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ى ئادارى 2025، محەممەد عەبدولحەلیم ئەبازەید، وەزیرى دارایی حکومەتى راگوەزەرى سووریا، رێنمایی تایبەت بە خەرجکردنى ئەو جەژنانەیەى بە بۆنەى جەژنى رەمەزان دەرکرد.
 
رێنماییەکە ئاماژەى بەوەداوە کە ئەو جەژنانەیە مووچەى مانگێکى فەرمانبەران لەگەڵ هەموو قەرەبووى مانگانەیدا دەبێت، بەبێ هیچ باج و لبڕینێک.
 
جەژنانەکە فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازی و خانەنشینانى مەدەنى و ئەو خانەنشینە سەربازییانە دەگرێتەوە، کە بەر لە 2011 خانەنشین کراون. 
 
ساڵى 2011 شۆڕش و ناڕەزایی لە سووریا سەریهەڵدا، دواى 13 ساڵ دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونى یەکەمى 2024، رووخا.
 
بەگوێرەى رێنمایی، جەژنانەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە مۆڵەتى بێ مووچەیان وەرگرتووە، ئەگەر ماوەى مۆڵەتەکەى هەرچەند بێت، بۆ ئەو مامۆستایانەش کە کرێى وانەبێژییان هەیە و بە کاژێر کاردەکەن و فەرمانبەرى هەمیشەیی نین، دەبێت لە هەفتەیەکدا شەش کاژێر وانەیان گوتبێتەوە ئەوجا جەژنانەکە دەیانگرێتەوە.
 
15ى ئادارى 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر بڕیارى دابەشکردنى ئەو جەژنانەیەى دەرکرد.
 
لە رێنماییەکەى وەزارەتى دارایی سووریا هاتووە کە ئەو جەژنانەیە لە رۆژى دەرچوونی رێنماییەکەوە دەست بە خەرجکردنى دەکرێت و ئەوانە دەگرێتەوە کە ئێستا  لە ناو خاکى سووریان. 
 
مووچەى مانگانەى فەرمانبەران لە سووریا لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار لیرەیە (20 بۆ 25 دۆلار) لە کاتێکدا مووچە خانەنشینى نزیکەى 100 هەزار لیرەیە (کەمتر لە 10 دۆلار).

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە