لە دێرەزوور چەکدارانی حکومەتی سووریا هێرشیانکردە سەر هەسەدە

16-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شارۆچکەی سەبعە لە رۆژهەڵاتی شاری دێرەزوور. ‌هەسەدە دەڵێت، دوای شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکی تووند، شەرڤانان هێرشەکەیان تێکشکاندووە.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 15ی شوباتی 2024، چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا لە رۆژئاوای چەمی فورات هێرشیانکردە سەر بنکەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شارۆچکەی سەبعە لە رۆژهەڵاتی شاری دێرەزوور.
 
بەپێی زانیارییە خۆجێیەکان، چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا بە چەکی قورس هێرشیان دەستپێکرد و هەوڵیاندا دزە بکەنە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، بەڵام شەڕڤانانی هەسەدە بە تووندی وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و لە نێوان هەردوو لایەن شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکی قورس روویدا.
 
میدیای سەر بە هەسەدە رایگەیاند، شەرڤانان هێرشی چەکدارانی سەر بە حکومەتەوە تێکشکاند و هەوڵەکانیان بۆ دزەکردنی بۆ ناوچەکە شکست پێهێنا.
 
دوو رۆژ لەمەوبەریش، چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا لە هەمان ناوچە هێرشیان کردبووە سەر بنکەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گوندی حرمووشیە. هەروەها هەمان رۆژ هێرشیان کردبووە سەر پێگەکانی هەسەدە لە سێ شارۆچکەی دیبان، کەشمە و شەعفە.
 
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لەبارەی ئەو هێرشەوە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزەکانی سووریای دیموکرات هەوڵی دزەکردنی کۆمەڵێک بەکرێگیراو، کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی رژێمی سووریا پشتیوانی دەکرێن، بەرەو شارۆچکەکانی دیبان، کەشمە و شەعفە لەودیوی رووباری فورات پووچەڵ کردەوە و دوایی ناچاریانکردن بۆ ئەودیو بکشێنەوە."
 
هەسەدە دەڵێت، لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو چەکدارانەدا، ژمارەیەک چەکدار کوژران و بریندار بوون، جەخت لەوەش دەکاتەوە: "بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و وەڵامدانەوەی هەموو ئەو هێرش و هەرەشانەی کە شەڕڤانان و خەڵکی ناوچەکە دەکەنە ئامانج."
 
پارێزگای دێرەزوور، کە بە نەوت دەوڵەمەندە، هاوسنوورە لەگەڵ عێراق و زۆربەی دانیشتووانی پارێزگاکە عەرەبن. هەسەدە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی چەمی فوراتی کۆنترۆڵ کردووە. بەشی رۆژئاوای پارێزگاکەش لەژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە