رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە 15-12-2024، هەفتەیەکی تەواو بەسەر رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا تێپەڕی، ئەمەش دوای ئەوەی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی، دەستیان بەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکەدا گرت و حوکمی زیاتر لە نیو سەدەی بنەماڵەی ئەسەدیان رووخاند.
دوایین پێشهاتەکانی 24 کاژێری رابردوو بریتیین لە:
قوتابخانە و زانکۆکان دەکرێنەوە
رۆژی یەکشەممە، دەرگەی چەندین قوتابخانە لە دیمەشق کرانەوە و قوتابییان بە یەکپۆشی چوونەوە بۆ خوێندن، لەو رۆژەوەی ئەسەد بەرەو رووسیا رایکرد و دیمەشق گیرا، ئەمە یەکەم جار بوو قوتابخانەکان بکرێنەوە.
فەرمانبەری یەکێک لە قوتابخانەکانی دیمەشق گوتی: "کەمتر لە 30٪ـی قوتابییان گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەم ژمارەیە هێواش هێواش زیاد دەکات."
جگە لە قوتابخانەکان، زانکۆکانیش کرانەوە، بەڵام فەرمانبەران دەڵێن، گەڕانەوەی هەموو خوێندکاران کاتی پێویستە.
فەرەنسییەکان دەچنە دیمەشق
ئەمڕۆ یەکشەممە، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، لیژنەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی دەچنە دیمەشق، "بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و سووریا چاکبکەنەوە."
بارۆ گوتی، تیمەکە کار لەسەر دووبارە دروستکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکەن. ئەوان هەروەها "هەڵسەنگاندن بۆ پێداویستییەکانی دانیشتووانی سووریا دەکەن."
تورکیا ئامادەیە یارمەتیی سەربازی بنێرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، تورکیا ئامادەیە هاوکاریی سەربازی بۆ ئیدارەی نوێی سووریا بنێرێت، "ئەگەر داوابکەن."
گولەر گوتی، پێویستە دەرفەت بدرێتە سەرکردایەتیی نوێی سووریا، "تورکیا ئامادەیە پاڵپشتیی پێویست بنێرێت."
رۆژی شەممە 14-12-2024 تورکیا دوای 12 ساڵ دووبارە باڵیۆزخانەی خۆی لە دیمەشق کردەوە.
لەلایەکی دیکە، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند: "دوای پێنج رۆژ لە رووخانی ئەسەد، زیاتر لە حەوت هەزار و 600 پەنابەری سووریایی لە تورکیاوە چوونەوە وڵاتی خۆیان."
لەوکاتەوەی جەنگی ناوخۆی سووریا لە 2011 دەستیپێکردووە، نزیکەی سێ ملیۆن سووریایی ئاوارەی تورکیا بوونە.
نێردەی تایبەتی UN لە دیمەشق
رۆژی 15-12-2024، گیێر پێدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، گەیشتە دیمەشق. پێدرسن داوای "دادپەروەری و لێپرسینەوە"ـی کرد نەک "تۆڵەسەندنەوە" هەروەها، داوایکرد هاوکاریی دەستبەجێ و زیادکراو بگاتە سووریا.
جیا لە پێدرسن، شاندێکی قەتەریش گەیشتنە سووریا. بڕیارە شاندەکە لەگەڵ حکومەتی راگوزەری سووریا کۆببێتەوە. جیاواز لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی، دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا لە 2011؛ قەتەر هەرگیز پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد چاکنەکردەوە.
ئەمریکا پەیوەندیی بە هەتەشەوە دەکات
رۆژی شەممە 14-12-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە شاری عەقەبەی ئوردن ئاشکرایکرد، واشنتن پەیوەندیی بە دەستەی تەحریری شام کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە هەتەشە هێشتا لە لیستی تیرۆری ئەمریکا دایە.
دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی 10 وڵات لەسەر دۆخی سووریا، بلینکن بە رۆژنامەڤانانی گوت: "لەگەڵ هەتەشە و چەند لایەنێکی دیکە [لە سووریا] پەیوەندیمان هەبووە."
وەزیرەکەی ئیدارەی جۆ بایدن باسی ئەوەی نەکرد چۆن و بە چ جۆرێک پەیوەندییان بە گرووپەکەی ئەبو محەممەد جۆلانی کردووە، بەڵام کاتێک پرسیاریان لێکرد، ئەمریکا راستەوخۆ پەیوەندی کردووە؟ گوتی: "بەڵی راستەوخۆ."
بلینکن گوتی، سووککردن و کەمکردنەوەی سزاکانی سەر سووریا پشت بە "هەنگاوی بەردەوامی حکومەتی کاربەڕێکەری سووریا دەبەستێت."
وڵاتە گرنگەکان لەبارەی سووریا کۆکن
لە کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممەی عەقەبە؛ وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە ئەمریکا، تورکیا، ئوردن، سعودیە، عێراق، لوبنان، میسر، ئیمارات، بەحرەین و قەتەر؛ هاوشان لەگەڵ کایا کالاس، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنی، هەروەها گیێر پێدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، "حکومەتێکی گشتگیر، ناتائیفی و شەفاف پێکبهێنرێت کە نوێنەرایەتیی سووریا بکات."
لە راگەیێنراوی کۆبوونەوەکە هەروەها باسی ئەوە کرابوو، "رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت، شەڕ لە دژی پەڕگیری و تیرۆر بکرێت و تووندوتیژییەکانی نێو سووریا بوەستێنرێن."
جۆلانی بۆ کورد: بەشێکن لە نیشتمان
رۆژی شەممە، ڤیدیۆی رۆژنامەڤانێک و سەرۆکی هەتەشە بڵاوبووەوە. رۆژنامەڤانەکە لە ئەحمەد شەرع ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی دەپرسێت: "چی دەڵێیت و پەیامت چییە بۆ سوورییەکان، بۆ کورد و هاوبەشانی نیشتمانیی سووریا؟"
ئەحمەد شەرع لە وەڵامدا گوتی: "کورد بەشێکن لە نیشتمان، وەکو ئێمە ستەمێکی زۆریان لێکراوە، لە سووریای داهاتوودا هاوبەشی سەرەکی دەبن و لە ئەمڕۆ بەدواوە هیچ ستەمێکیان لێ ناکرێت."
لەو بارەیەوە سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند: "ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین. هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی مێژوو و راستکردنەوەی ئەو مامەڵە هەڵە و نادروستەی لەبەرانبەر گەلی کورد لە سوریا ئەنجام دەدرا."
سووریا ماندووە
ئەحمەد شەرع سەرکۆنەی "لەشکركێشییەکەی" ئیسرائیلی کرد لە باشووری سووریا و گوتی: "سووریا زۆر ماندووە لە جەنگ و پێکدادان. ئیسرائیلییەکان پێشێلی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە، [چونکە چوونەتە ناوچەی داماڵدراو لە چەک]، ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە."
دوای رووخانی ئەسەد، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانیکرد، سوپای ئیسرائیل بچێتە ناوچەی داماڵدراو لە چەک و کۆنتڕۆڵی بکات. ئەمە لە کاتێکدایە، هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو شوێنەن.
ساڵی 1967 ئیسرائیل لە جەنگێکی شەش رۆژە، بەرزاییەکانی گۆلان کە ئەوکات لە خاکی سووریا بوو، کۆنتڕۆڵکرد؛ لە ساڵی 1974 ناوچەیەکی لە چەکداماڵدراو لە نێوان گۆلان و خاکی سووریا دروستکرا، کە 80 کیلۆمەتر درێژە. زۆنەکەی نێوان سووریا و گۆلان لەلایەن هێزێکی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەپارێزرێت بە UNDOF ناسراوە.
کەناڵەکانی هاوکاریی حیزبوڵڵا بڕدران
کەوتنی بەشار ئەسەد سەرئێشەی بۆ حیزبوڵڵاش دروستکرد. لە سەردەمی ئەودا، کەلوپەلی سەربازی لە سووریاوە بەرەو لوبنان دەڕۆیشتن، بەڵام لەگەڵ گۆڕانی دۆخی سووریا، ئەو رێگانە داخران.
نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا رایگەیاند: "حیزبوڵڵا هێڵێکی وەرگرتنی کەلوپەلی سەربازی لە سووریاوە لەدەستدا. پێویستە موقاوەمە خۆی لەگەڵ بارودۆخەکە بگونجێنێت."
قاسم هیوای خواست، دەسەڵاتی نوێی سووریا، ئیسرائیل وەکو "دووژمن" ببینێت و پەیوەندییەکانیان لەگەڵیان چاکنەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ