دیمەشق؛ شارێکی پڕ لە گۆڕی بەکۆمەڵ و چیرۆکی نەبیستراو

رووداو دیجیتاڵ
 
پێش 12 ساڵ، سەدان گەنج لە ناوچەی تەزامن و یەرمووک لە دیمەشق بە دەستی هێزەکانی ئەسەد ئەشکەنجە دران و دواتر کوژران و خرانە نێو گۆڕی بەکۆمەڵەوە.
 
ئەنەس سوێدانی کە دوو برای بەم شێوەیە تیاچوون، ئێمەی بردە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە. سەدان رووفات لەژێر ئەو زەویانە بوون، بەشێکی ئێسکوپروسکەکان لەسەر زەوی بوون، ئەنەس گوتی، "ئەمانە جەستەیان خرانە بەر دەست و دەمی سەگەکان و کرانە خۆراکی ئەوان".
 
ئەنەس دەڵێت، "لە خوارەوەی بیناکە چاڵێکی گەورەیان هەڵکەندبوو، خەڵکیان دەبردە سەرەوەی بیناکە و ئینجا فڕێیان دەدایە خوارەوە، وازیان لێ نەدهێنا تا ئێسکەکانیان ورد ورد دەکردن، بە هەموو جۆرێک ئازاریان دەدان و ئینجا دەیانکوشتن، گەر ئەم شوێنە بگەڕێن ئەم گۆڕە بەکۆمەڵانە هەڵدرێنەوە ژمارەیەکی یەکجار یەکجار زۆر رووفات دەدۆزرێنەوە".
 
ئەوانەی رزگاریان بووە بەر لەوەی دەستی هێزەکانیان پێ بگات ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لەنێو کوژراوەکاندا منداڵ و ژنیش هەن، محەممەد کە خۆیشی دەستێکی بە هێرشی مووشەکی سوپاکەی ئەسەد نەماوە، ئامۆزایەکی بە هاوژین و سێ منداڵییەوە کوژراون و زیندەبەچاڵکراون؛ ئەو دەڵێت، "تاوانیان ئەوە بووە کە پشتیوانیی شۆڕشی سووریایان کردووە".
 
محەممەد ئەحمەد دەڵێت، "دەهاتن سەیری ناسنامەکەتیان دەکرد بۆ نموونە تۆ برات چەکدار بوایە یان لەگەڵ سوپای ئازاد بوایە ئیتر دەیانبردی یان ئامۆزاکەت چەکدار بوایە لە سوپای ئازاد یەکسەر دەیانبردی، خەڵکی مەدەنی هیچی لە هیچ نەبوو، باشە چیبکەم کوڕی خاڵەکەم چەکدارە؟ گوناحم چییە تەواو تۆ بەرەو مەرگ دەبرایت، دەیانگوت تۆ پەیوەندیت لەگەڵیان هەیە، ئینجا کۆمەڵ کۆمەڵ دەیانکوشتن، دەیانکردنە چاڵەکانەوە، تایەیان دەخستە ناوەوە هەندێکیان بەزیندووی ئاگر تێ بەردەدا و ئینجا بە خۆڵ دایان دەپۆشی، رێک لەم شوێنەی لێی وەستاوین".
 
ئێرە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشقە، کۆمەڵێک ئێسکوپروسک خراونەتە نێو کیسەوە و فڕێدراون. ئەم چەکدارە پێی گوتین، "بەر لە هەفتەیەک چەند کەسێک بە دوو ئۆتۆمبێلەوە هاتوون و ئەم ئێسکوپروسکانەیان بەم شێوەیە فڕێداوە، هەرچەند هەوڵی دەستگیرکردنیان داون، بەڵام نەیانتوانیوە دەستگیریان بکەن و هەڵاتوون".
 
لە لایەکی دیکە، لە ناوچەی حوسێنییە لە دیمەشق، باس لە سەدان رووفاتی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکرێت، بەڵام هەمووان چاوەڕێی گەیشتنی تیمە فەرمی و نێودەوڵەتییەکانن بۆ هەڵدانەوە و ئاشکراکردنیان.