خاچى سوور لە سووریا: بەدواداچوون بۆ چارەنووسى 35 هەزار بێسەروشوێن دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى رێکخراوى خاچى سوورى نێودەوڵەتى لە سووریا رایگەیاند، داواکاریى بە دواداچوونى چارەنووسى 35 هەزار بێسەروشوێنیان لەو وڵاتە پێگەیشتووە و سۆراخیان دەکەن. گوتیشی، "50%ى کارەبا و ئاوى سووریا لە کارکەوتوون و 90%ى هاووڵاتییانى لە ژێر هێڵى هەژارییەوەن".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15.12.2024، سوهێر زەقووت، گوتەبێژى لیژنەى نێودەوڵەتیى خاچى سوور لە سووریا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "لیژنەى نێودەوڵەتیی خاچى سوور لە پێگەیەکدا نییە کە ژمارەى بێسەروشوێنان لە سووریا رابگەیێنێت، ئەوە بەرپرسیارێتى دەسەڵاتدارانە، ژمارەى وردى ئەو کەسانەى لە سووریا بێسەروشوێنن لە بەردەست نییە، بەڵام ئێمە مامەڵە لەگەڵ 35 هەزار داواکاریى بێسەروشوێن دەکەین بۆ گەڕان بەدوایاندا کە بەدەستمان گەیشتووە".
لە ساڵى 1967ـەوە رێکخراوى خاچى سوورى نێودەوڵەتى لە سووریا کاردەکات، لە 2011ـەوە ئەرکەکانیان زیاتر بە ئاڕاستەى هاوکاریکردنى ئاوارەکان و بەدواداچوونى دۆسیەى بەندکراوان و بێسەروشوێنان بووە.
سوهێر زەقووت رایگەیاند: لە پێنج دەیەى رابردوودا هەوڵەکانیان زیاتر بۆ داواکردنى سەردانى زیندانەکان بووە و سەردانى چەند گرتووخانەیەکیان کردووە بۆ رێگرى لە خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیان و بێسەروشوێنکردنیان.
8ى کانوونى یەکەمى 2018، دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا و بە هۆیەوە دەرگاى گرتووخانەکانى ئەو وڵاتە شکێندران و بەندکراوان ئازاد کران، بەڵام ژمارەکییان تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.
سوهێز زەقووت گوتیشى: "ژمارەى بێسەروشوێنان زۆر لەو 35 هەزار کەسە زیاترە، بەڵام تۆمارێکمان هەیە بەناوى ئەو 35 هەزار کەسەوە کە تیمەکانى لیژنەى نێودەوڵەتیی خاچى سوور بەدواداچوونى بۆ دەکات، لە دواى شکاندنى دەرگاکانیان سێ سەردانی ئەو گرتووخانانەمان کردووە، بەڵگەنامەکانمان بینى لەسەر زەوى بوون و ژمارەیەکى زۆر هاووڵاتى هەبوون کە بە دواى هەر زانیارییەکدا دەگەڕان لە بارەى کەسوکاریان کە پێیان وابوو کە گرتووخانەکاندان یان بێسەروشوێنن".
لە ساڵى 2011ـەوە قەیرانى ئەمنى و سیاسی لە سووریا سەریهەڵدا و شەڕی نێوخۆیی لەو وڵاتە بەرپا بوو، هەندێک لە هاووڵاتییانى ئەو وڵاتە لە ناوخۆ ئاوارە بوون و هەندێکى دیکەشیان پەنایان بۆ وڵاتانى دراوسێ و جیهان برد.
گوتەبێژى لیژنەى نێودەوڵەتیى خاچى سوور لە سووریا رایگەیاند، "نیوەى سورییاییەکان یان لە ناوخۆ ئاوارەن یان لە دەرەوە، پێنج ملیۆن هاووڵاتى سووریایی هەن کە لە دەرەوەى ئەو وڵاتە پەناخوازن".
سوهێر زەقووت گوتیشی: "خاچى سوور بڕیاردەر نییە لەبارەى ئەوانەى دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، ئێمە پێشوازى لەوە دەکەین، بەڵام دەبێت گەڕانەوەکە خۆویستانە بێت و بارودۆخى گونجاو برەخسێنرێت لەناو سووریا لە رووى ئەمنى و خزمەتگوزارییەوە، خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لە سووریا وێرانن، 50%ى کارەبا و ئاو کار ناکەن، 90%ى سووریاییەکان لەژێر هێڵى هەژارییەوەن، بۆ ئەوەى ئەو گەڕانەوەیە هەمیشەیی بێت، پێویستە خۆویستانە بێت و زانیاریى تەواویان هەبێت بۆ ئەوەى بڕیارى دروست بدەن لەبارەى گەڕانەوە".