عەبدولحەکیم بەشار: ئەنجوومەنێکی کوردی سەر بە هەتەشە هەوڵی دیالۆگ بۆ داهاتووی کورد دەدات
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ئەنەکەسە لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا دەڵێت، "حەز دەکەین کورد بە یەکگرتوویی بچێتە دیمەشق، بەڵام پێویستە پەیەدە لە پەکەکە دووربکەوێتەوە''. گوتیشی، لە هەتەشەدا ئەنجوومەنێکی کوردی پێکهێنراوە و هەوڵی دروستکردنی دیالۆگ بۆ دەستەبەرکردنی مافی کورد دەدات.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 15-12-2024)، د. عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە)، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد رایگەیاند، سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ هێزە جیاجیاکان و کەسایەتییە سیاسییەکان کۆبووەتەوە.
د. عەبدولحەکیم بەشار گوتی، کۆبوونەوەکانی سەرکەوتوو بوون و ژمارەیەکی زۆر لە هێز و کەسایەتییە سیاسییەکانی بینیوە، ''بەڵام ئەبو محەممەد جۆلانی سەرقاڵی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەن و کەسایەتییە بیانییەکان بوو.''
بەگوتەی ئەو نوێنەرەی ئەنەکەسە، ئامانجی لە چوون بۆ دیمەشق ئەوە بوو ''بزانم لەوێ چی روودەدات و بۆچوونی خەڵک و لایەنەکان لەسەر داهاتووی سووریا چییە.''
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (پەیەنەکە) ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی -کوردی؛ د. عەبدولحەکیم بەشار دەڵێت: ''هەرکات پەیەنەکە گۆڕانکاری بەسەر خۆیدا هێنا، ئەوە ئامادەی لێکنزیکبوونەوەین.''
دیالۆگی کوردی - کوردی لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ـەوە گفتوگۆکانیان راگیراون. نوێنەری ئەنەکەسە گوتی: ''ئێمە زۆر حەز دەکەین بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتی نویێ سووریا بە یەکگرتووییەوە بچینە دیمەشق، بەڵام پێویستە پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە پەکەکە دوور بکەوێتەوە.''
ئەنەکەسە، تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی، پێیانوایە پەیەنەکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بە دیاریکراوی باڵی سەربازیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـن.
عەبدولحەکیم بەشار دەڵێت: ''پێویستە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستا، شاندێک پێکبهێنرێت کە پەکەکە تێیدا بەشدار نەبێت، ئێمە بچین بۆ دیمەشق دەڵێن پەکەکە لە شاندەکەدا چی دەکات، کاتێک لایەنێکی سووری نییە.''
جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە پێویستی دەزانێت لە سووریا یەک هێزی چەکدار هەبێت، بۆ ئەوەی ئارامی لە وڵاتەکە بێتە ئاراوە و ژیانی خەڵک باشتر بەڕێوەبچێت.''
بەگوتەی عەبولحەکیم بەشار، دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) و بە دیاریکراوی ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەکە، رێزی تایبەت لە کورد دەگرن و ''لە پەکەکەی جیا دەکەنەوە کە ژمارەیەکی زۆری لە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن کوشتووە.''
ئەو نوێنەرەی ئەنەکەسە گوتی ''دەبێت کوردیش لە دەسەڵاتی داهاتووی سووریادا بەشدار بێت و دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکە بنووسرێتەوە کە تێیدا دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنرێت.''
عەبدولحەکیم بەشار ئاشکرای کرد، لە دەستەی تەحریر شامدا، ئەنجوومەنێکی کوردی پێکهاتووە کە 32 کوردی سووریا تێیدا بەشدارن: "هەوڵدەدەن، دەرفەتی دیالۆگ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد بڕەخسێنن."
نوێنەرەکەی ئەنەکەسە ئاماژەی بەوەدا، لە نێوان ئەنەکەسە و بەشی کوردیی تەحریر شام گفتوگۆ دروست بووە، ''هەرکات ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا شاندێک دروست بکەن، من دەتوانم کارێک بکەم دیداریان لەگەڵ بەشی سیاسیی هەتەشە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی) هەبێت.''
ئەو نوێنەرەی ئەنەکەسە دووپاتیکردەوە، پێویستە شاندێکی ئەنەکەسە سەردانی دیمەشق بکات و لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا کۆببێتەوە. ''ئێمە زۆر حەز دەکەین وەکو کورد بە یەکڕیزییەوە بچین، ئەگەر پەیەنەکە و بە دیاریکراوی پەیەدە خۆیان بگۆڕن و لە پەکەکە دوور بکەونەوە.''
چەند رۆژە شاندێکی فەرەنسی - ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستانن و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی شاندێکی یەکگرتوو پێکبهێنن و بە مەبەستی دانوستاندن لەسەر حکومەتی داهاتووی سووریا و بەڕێوەبەریی رۆژهەڵاتی رووباری فوورات و بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان، بچنە دیمەشق، بەڵام پێویستە سەرەتا کۆتایی بە ناکۆکییەکانی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بهێنرێت.
رووداو زانیویەتی، شاندی فەرەنسی-ئەمریکی داوا دەکەن، ئەو شاندەی بڕیارە پێکبهێنرێت، جیا لە نوێنەری لایەنە کوردییەکان، دەبێت کەسایەتیی سەربەخۆی ناوچەکە و نوێنەری پێکهاتەکانی وەکو سریانی، ئاشووری و عەرەبیشی تێدا بێت و بەر لە کۆتایی مانگ بچنە دیمەشق.
کۆبوونەوەکانی شاندی فەرەنسی - ئەمریکی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەکاتێکدان کە رۆژی یەکشەممە 08-12-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و لە میدیای فەرمیی دەوڵەت رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند. دواتر، رووسیا رایگەیاند بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆن و مافی پەنابەرییان پێدراوە.