دوای 13 ساڵ قەتەر باڵیۆزخانەکەی لە سووریا دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

قەتەر دەڵێت، رۆژی سێشەممەی داهاتوو، دوای 13 ساڵ باڵیۆزخانەکەی لە سووریا دەکاتەوە. رایگەیاند: "پشتگیریی لە شۆڕشی گەلی سووریا و شەڕی سووریاییەکان بۆ شکۆ، ئازادی و دادپەروەری دەکەین."
 
لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی سووریا لە 2011، قەتەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا بڕی و باڵیۆزخانەکەی لەو وڵاتە داخست. پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی عەرەبی، قەتەر هەرگیز پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد ئاسایی نەکردەوە.
 
ئێستا دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد و دەستپێکردنی ئیدارەیەکی نوێ لە سووریا، دووبارە باڵاخانە دیپلۆماسییەکەی دەکاتەوە. قەتەر رایگەیاند، خەلیفە عەبدوڵڵا ئال مەحموود شەریف، وەکو باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە سووریا دەستبەکار دەبێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر گوتی: "پشتگیریی لە شۆڕشی گەلی سووریا و شەڕی سووریاییەکان بۆ شکۆ، ئازادی و دادپەروەری دەکەین. قەتەر دووپاتی کردەوە کە لە دژی سیاسەتی سەرکوتکەری رژێم بووە لە دژی خەڵکی سووریا."
 
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر راشیگەیاند، کردنەوەی باڵیۆزخانەکە هاوشانی "سەرکەوتنی شۆڕشی سووریایە، ئەمە هەروەها دەبێتە هۆی زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکانی قەتەر بۆ سووریا لە ماوەی دەسەڵاتی راگوزەریدا."
 
رۆژی 15-12-2024 ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، شاندێکی دیپلۆماسییان بۆ سووریا ناردووە بۆ ئەوەی "کاروباری پێویستی کردنەوەی باڵیۆزخانە تەواو بکەن."
 
ئەنساری گوتی: "لە کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ حکومەتی راگوزەری سووریا، شاندەکە دووپاتی کردەوە دەوڵەتی قەتەر بەتەواوی پابەندی پاڵپشتیکردنی گەلی سووریایە، ئەمەش لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشەکەیان."
 
رۆژی 08-12-2024 حوکمی 50 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد لەسەر دەستی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) کۆتایی هات و بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ رایکرد.