رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێییەکان دەڵێن، چوار چەکدار لە بۆسەیەکدا لە گوندەواری لازقیە، زێدی بەشار ئەسەد، سەرۆکی رووخێنراوی سووریایە، کوژران.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی حکومەتی راگوزەری سووریا کە دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) سەرکردایەتی دەکات رایگەیاند، هێزی پشتیوانیی "گەورە" دەنێرنە دەوروبەری لازقیە، تەرتووس و جەبلە، بە مەڵبەندی عەلەوییەکان، واتە پێکهاتەی بەشار ئەسەد، دادەنرێن.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، "لە شەڕ و پێکدادانی تووند لە گوندەواری لازقیە، لە نێوان چەکدارانی رژێمی پێشوو و گرووپی فەیلەقی شام"، لانیکەم چوار چەکداری فەیلەقی شام کوژران.
رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، چەکدارانی سەر بە بەشار ئەسەد لە نزیک ماڵێکی وەسیم ئەسەد، کە ئامۆزای بەشار ئەسەدە، لەسەر رێگەی لازقیە – جەبلە، بۆسەیەکیان بۆ چەکدارانی فەیلەقی شام دانابووەوە.
بەگوتەی روانگەی سووری، فەیلەقی شام بەڕێوە بووە بۆ سەربازگەیەکی پێشووی هێزەکانی رژێمی ئەسەد لە گوندی حەکیمی سەر بە ناوچەی موزەیرەعە لە گوندەواری دیمەشق، بۆ ئەوەی نەهێڵن پاشماوەکانی رژێم دزی لە سەربازگەکە بکەن.
سەرچاوەیەکی فەیلەقی شام بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "چەند دزێکی چەکدار" تەقەیان لە چەکدارانی فەیلەقەکە کردووە و لە ئەنجامدا چوار ئەندامی کوژراون.
فەرماندەیی گشتیی گرووپە چەکدارەکان لە تەلەگرام رایگەیاند: "ئەو هێزانەی لە لازقییەن بە زووترین کات کار بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و لێپرسینەوەی تووند لەگەڵ تاوانکاران دەکەن." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "هەڵگرتنی چەک لە شاری لازقیە، بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و رێکاری پێویست لە بەرامبەر هەر سەرپێچیکارێک دەگیرێتەبەر."
روانگەی سووری هەروەها باسی لەوە کرد، دانیشتووانی ناوچەکە رۆژی شەممە داوایان لە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق کردبوو، لە دژی ئەوانەی "سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدەن" بێنە سەر هێڵ.
دەسەڵاتدارە نوێیەکان رۆژی شەممە رایانگەیاند، ژمارەیەک هێڵی تەلەفۆنیان تایبەتکردووە بە سکاڵاکردن لە هەر رووداوێک لە لازقییە.
لە راگەیێندراوێکیشدا رایانگەیاند: "هەموو ئەوانەی دەستیان بەسەر موڵکی گشتیدا گرتووە، چ ئەوانەی سەربازی بن یان خزمەتگوزاری، پێویستە لەسەریان دەستپێشخەری بکەن و بیانگەڕێننەوە نزیکترین بنکەی پۆلیس لە ماوەی ئەو پەڕی حەوت رۆژی دوای دەرکردنی ئەم راگەیێندراوەدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ