هێزەکانی ئەمریکا بۆچی چوونە کۆبانێ؟
رووداو دیجیتاڵ
زرێپۆشەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش گەیشتوونەتە نێو شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، لێکدانەوەی جیاواز بۆ چوونی ئەو هێزە بۆ کۆبانێ کرا.
ئەو هێزانە بەیانیی رۆژی شەممە بە یاوەریی تیمەکانی مانگی سووری کوردی گەیشتنە کۆبانێ.
ئامانجی هێزەکە ئەوەبوو لەوێوە بە ئاراستەی رۆژئاوا بڕۆن تاوەکو خەڵکی سڤیل و شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە منبج بگوازنەوە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەژێر هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیادا بوو، پێش ئەوەی بە نێوەندگیریی ئەمریکا شەڕەکە بوەستێنرێت.
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، نەتوانراوە خەڵکی سڤیل و شەڕڤانان بگوازرێنەوە، بێ ئەوەی هۆکارەکانی روونبکرێنەوە.
بڕیار بوو مەزارگەی سلێمان شا کە لای تورکیا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، لە گوندی ئاشمەی رۆژئاوای کۆبانێ بگوازرێتەوە بۆ شوێنی پێشووی خۆی لە گوندی قەرە قۆزاخ، بەڵام نەکرا.
چوارشەممەی رابردوو، (11-8-2024)، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، ئەوان ئامادەن رووفاتی سلێمان شا بگەڕێننەوە شوێنە بنەڕەتییەکەی لە تەنیشت پردی قەرە قۆزاخ لەسەر رووباری فورات لە باشووری کۆبانێ.
سلێمان شا، باپیری دامەزرێنەری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، عوسمانی یەکەم، بووە.
دوای واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923، تورکیا و فەرەنسا رێککەوتن کە مەزارگەکە لەنێو خاکی سووریادا لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادا بمێنێتەوە.
ساڵی 1973، ئەو ناوچەیەی مەزارگەکەی لێبوو، بەهۆی دروستکردنی بەنداوی تەبقە، ژێر ئاوکەوت، بۆیە تورکیا بڕیاری دا بیگوازێتەوە بۆ گوندی قەرە قۆزاخ، بە دووریی 30 کیلۆمەتر لە شوێنە بنەڕەتییەکەی هەر لەنێو خاکی سووریادا.
ساڵی 2015، بەهۆی هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، تورکیا مەزارگەکەی گواستەوە بۆ شوێنی ئێستای لە گوندی ئاشمە لە نزیک سنووری تورکیا.