ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دیمەشق

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی سووریا دەڵێت، لە دوو رۆژدا ئیسرائیل دوو جار هێرشی کردووەتە سەر گەڕەکێکی دیمەشق، کە چەندین باڵیۆزخانە، بارەگای سەربازی و نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێیە.
 
رۆژی هەینی 15-11-2024 میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، "ئیسرائیلی دووژمن ناوچەی مەزێی لە دیمەشق کردە ئامانج."
 
ناوچەی مەزێ دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای دیمەشق و چەندین باڵیۆزخانە، بارەگای سەربازی و نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێیە. لەو کاتەوەی جەنگی غەززە و لوبنان دەستی پێکردووە، ئیسرائیل چەند جارێکە ئەو ناوچەیەی کردووەتە ئامانج.
 
دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر دیمەشق و دەوروبەری. دواتر، سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا رایانگەیاند، "23 کەس لە هێرشەکان کوژراون و 21 کەسی دیکە برینداربوون."
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، 13 کەس تەنیا لە ناوچەی مەزێ کوژران "کە بەشێکیان سڤیل و بەشێکیشیان چەکداری پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە بوون. لە دەرەوەی دیمەشقیش، 10 چەکداری فەلەستینی لە هێرشێکی ئاسمانی کوژران". 
 
هەرچەندە سوپای ئیسرائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشەکانی سەر سووریا دەدات، دوێنێ ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند، "رێکخراوی جیهادی ئیسلامیی فەلەستینیمان کردە ئامانج."
 
هێرشەکەی رۆژی 14-11-2024 هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی عەلی لاریجانی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران. لاریجانی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە.
 
رۆژی 10-11-2024 بەرگریی سووریا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باڵاخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی سەییدە زەینەبە لە باشووری دیمەشقی پایتەختی سووریا 7 کەس کوژران و 20ـی دیکە برینداربوون.
 
لە 08-10-2024 هێرشکرایەوە سەر گەڕەکی مەزێ، 7 کەس کوژران و 11 کەسیش بریندار بوون.
 
رۆژی 02-10-2024 میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە "لە دوژمنکارییەکی ئیسرائیل بۆ سەر باڵاخانەیەکی نیشتەجێبوونی گەڕەکی مەزێ لە دیمەشق"، سێ سڤیل کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لە ساڵی 2024دا ئیسرائیل 151 هێرشی ئاسمانی و 26 هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی سووریا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆسەر پێگەیەک لە حەلەب. وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان/ئەرشیڤ

ئیسرائیل هێرشی کردە سەر حەلەب و ئیدلبی سووریا

میدیای فەرمیی سووریا دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر دەوروبەری هەردوو شارەکانی حەلەب و ئیدلب. سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا دەڵێن، لە ئەنجامی هێرشەکە ژمارەیەک سەربازی سوپای سووریا بریندار بوون