نووسەر و چالاکڤانێکی رۆژئاوای کوردستان: تەحریر شام بە هاوکاریی رووسیا چووەتە عەفرین


رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە عەفرینەوە تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام چوونەتە نێو شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان و کاروانێکی گەورەی ئەو گرووپە چەکدارە کە لە سەدان کەس پێکدێت، لەنێو عەفرینەوە بەرەو بەرەیەکی شەڕ لە رۆژهەڵاتی شارەکە دەچن. 
 
لایەنی نزیک لە بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر هەوڵەکەی دەستەی تەحریری شام وەکو "پیلانێکی تورکیا" ناودەبات، خاڵێک کە ژمارەیەک لێکۆڵەریش لەگەڵیدا هاوبۆچوونن.  
 
حوسێن عومەر، نووسەر و لێکۆڵەری ستراتیژی دەڵێت، "لەو باوەڕەدام ئەم کارە بە هاوکاریی لەگەڵ رووسیا کراوە." دەشڵێت، لەوانەیە ئەوە رێککەوتنێک بێت کە تەحریری شام دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێت بۆ ئەوەی دواتر رووسیا هێرش بکاتەسەر ئەو ناوچەیە و تورکیاش هێرش بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێبکات.
 
بەپێی چەند گرتەیەکی دیکە، لە دووەم رۆژی دەسەڵاتی تەحریری شام لە شاری عەفرین، هێزە چەکدارەکە لەنێو شارەکەدا دەبینرێن و دەڵێن، بەڕێوبەرایەتیی هەرێمی عەفرین بەتەواوی دەکەوێتە دەستی حکومەتی سەربە دەستەکە. 
 
هومام عیسا، شارەزای گرووپە چەکدارەکانی باکووری سووریا گوتی، "دانوستاندن لەنێوان حکومەتی ئینقاز و دەستەی تەحریری شام ئەنجامدرا بۆ ئەوەی بەڕێوەبردنی شاری عەفرین و گوندەکانی بەتەواوەتی رادەستی حکومەتی ئینقاز بکرێت کە ئیدلیب بەڕێوەدەبات، ئەوەش تاوەکو پڕۆژەی ئیدلیب لە عەفرینیش جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی ئاسایش و ئارامیی شارەکە بپارێزێت و دامەزراوە حکومییەکانی عەفرین بەڕێوەببات". 
 
هومام عیسا بە رووداوی گوت، دەستەی تەحریری شام لەگەڵ شاندێکی خەڵکی عەفرین کۆبووەتەوە. باسی لەوەش کرد، "سەرکردایەتیی تەحریری شام لەگەڵ شاندێک لە ریشسپییەکان عەفرین کۆبووەتەوە و ژمارەیەک پێشنیازیان لەگەڵدا تاوتوێ کردوون، لەنێویدا، بەڕێوەبردنی هەرێمەکە و پاراستنی ئاسایشەکەی، هاوکاریی نێوان ئەوان و سەرکردایەتیی دەستەکە گرنگە بۆ ئەوەی هیچ پێشێلکاریێک دژی خەڵکی سڤیل و دانیشتووانی عەفرین و ئاوارەکان نەکرێت". 
 
لە سێیەم رۆژی کۆنترۆڵکردنی عەفریندا، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خاڵەکانی پشکنینی دەستەی تەحریری شام، خاڵەکانی پشکنینیان لە شارەکانی عەفرین و جندرێس و رێگەکانی نێوانیان داناوە.