فرۆنتێکس: لە شەش مانگدا زیاتر لە 17 هەزار سووریایی گەیشتوونەتە ئەورووپا

رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی چاودێریکردنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا بڵاویکردەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 17 هەزار و 185 هاونیشتیمانی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتی سووریا چوونەتە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا. 

 

بەپێی ئاژانسەکە؛  10 هەزار و 990 لەو کۆچبەرانە بە رێگەی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست، پێنج هەزار و 152 کۆچبەر بە رێگەی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست،  چوار هەزار و 203 کۆچبەریش بە رێگەی وڵاتانی بەڵکاندا کۆچیان بۆ ئەورووپا کردووە.
 
ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، هاونیشتیمانیانی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتییانی سووریا لە شەش رێگەوە هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپایان داوە.
 
بەگوێرەی ئاژانسی فرۆنتێکس، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەزار و 176 هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی عێراق گەیشتوونەتە ئەوروپا، کە زۆرترینیان بە رێگەی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاستەوە بووە، کە 652 هەوڵ بووە.
 
ئاژانسی فرۆنتێکس ساڵی رابردوو بە رووداوی گوتبوو کاریگەریی شەڕی داعش و گرژییەکانی سووریا بەسەر کۆچکردنی هاووڵاتییانی عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا بۆ گەیشتنیان بە ئەورووپا دەردەکەوێت.