رووداو دیجیتاڵ
لە حمس، داعش هێرشیکردە سەر چەکدارانی نزیک لە حکومەتی سووریا و سێ چەکدار کوژران، ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی سێشەممە، 15ـی ئابی 2023، سەرچاوە خۆجێیەکان بە پشتبەستن بە تۆڕەکانی هەواڵی نێوخۆی سووریا بڵاویان کردەوە، چەکدارانی داعش لە ناوچەی پالمێرا لە رۆژهەڵاتی پارێزگای حمس، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازانی نزیک لە حکومەتی سووریا، لە ئەنجامدا "سێ چەکداریان کوشتوون و هەشتی دیکەشیان بریندار کردوون."
بەگوێرەی سەرچاوەکە، ماوەیەکە هێرشەکانی داعش لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان زیادیان کردووە، بەتایبەت لە بیابانی بادییە کە کەوتووەتە سەر سنووری نێوان عێراق، سووریا و ئوردن.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، چەکدارانی داعش لە پارێزگای دێرەزووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، هێرشیان کردە سەر پاسێکی سوپای سووریا و، لە ئەنجامدا 33 سەرباز کوژران و 10ـی دیکەش بریندار بوون.
ئێوارەی رۆژی 07-08-2023 لە ناوچەیەکی پارێزگای رەققە، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر سەربازانی سوپای سووریا و 10 سەربازی سوپا و چەکداری سەر بە حکومەتیان کوشت و شەش سەربازی دیکەیان بریندار کرد.
ساڵی 2014، داعش پارێزگای رەقەی وەکو پایتەختی خەلافەتەکەی راگەیاند، بەڵام لە ساڵی 2017ـدا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، شارەکەیان لە دەست چەکدارانی داعش دەرهێنا.
لە ئاداری 2019ـشدا هەسەدە دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعشی لە بەری رۆژهەڵاتی فورات کۆنترۆڵکردەوە کە باغۆز بوو. لەوکاتەوە رێکخراوەکە ناوە ناوە هێرشی چەکداری دەکاتە سەر خەڵکی سڤیل، شەڕڤانانی هەسەدە و سوپای سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ