ئیسرائیل گەورە بازرگانێکی سوریایی لە سنووری لوبنان كردە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ

سەرمایەدارێكی نزیك لە بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا لە هێرشێکی ئیسرائیل دا لە نزیک سنووری لوبنان و سووریا کوژرا.
 
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنیی بڵاویكردووەتەوە، ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێكی لە سنووری نێوان لوبنان و سووریا كردووەتە ئامانج كە گەورە سەرمایەدارێكی سوریایی تێدا بووە.
 
رۆژی دووشەممە، 15-7-2024، روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند: "ئیسرائیل بە درۆن ئۆتۆمبیلەکەی بەڕا قاترچی لە ناوچەی ' سبوورە'  نزیک سنووری لوبنان کردە ئامانج، لە هێرشەکەدا کەسێكی دیکە کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە کوژراوە".
 
بەڕا قاترچی و حوسام قاترچی برای، بەشێک بوون لە بازنەی نزیک لە ئەسەد، جگە لەوە، قاترچی بەرپرسی پارەدارکردنی گرووپی "بەرهەڵستکاری سووریا بۆ رزگارکردنی جۆلان" بوو، ئەو گرووپە چەند ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە دامەزرێندراوەو ئەرکی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە باشووری سووریای پێ سپێردراوە.
 
پەیوەندی بەڕا قاترچی و حوسامی برای بە خێزانی ئەسەد لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی سووریا، بە دیاریکراوی لە دوای ساڵی 2012 قووڵتر بوو. 
 
بە درێژایی 12 ساڵی رابردوو، بەرا و براکەی، بازرگانی نەوت، گواستنەوە، بەڵێندەرایەتی و هاوردەی کەرەستەی بیناسازییان بە سوودی ئەسەد، کردبوو.
 
هەر بەو هۆیەوە بەرا قاترچی و حوسامی برای خرانە لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا.
 
دامەزراوە فەرمییەكانی ئیسرائیل تاوەكو ئێستا هیچ لێدوانێکیان سەبارەت بە ھێرشەكە نەداوە. 
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بەڕا و حوسام قاترچی و کۆمپانیاکانیان بەهۆی "پشتیوانی دارایی و ھەناردەكردنی نەوتی رژێمی سوریا بۆ دەرەوەی وڵات لە لیستی سزاكانی ئەمریكادان.
 
سوپای ئیسرائیل لە دوای ئۆپەراسیۆنی سەربازیی غەززە لە دوای هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، جارجارە هێرشی ئاسمانی لە سووریا و لوبنان ئەنجام دەدات.
 
حزبوڵڵای لوبنان و میلیشیا شیعەکان لە سووریا و عێراق دوای 7ی ئۆکتۆبەر هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتركردووەتەوە.