دوای نزیکەی نیو سەدە دروزەکانی سووریا چوونە ئیسرائیل؛ 'ئەمە سەردانێکی مێژوویی خزمەکانە'

دوێنێ کاژێر 05:25
تەنیا ئەحمەد
دروزەکان بۆ سەردانیکردنی شوێنە پیرۆزەکانیان سەردانی ئیسرائیلیان کرد.
دروزەکان بۆ سەردانیکردنی شوێنە پیرۆزەکانیان سەردانی ئیسرائیلیان کرد.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، شارۆچکەی مەجدەل شەمسی ئیسرائیلە؛ دروزەکانی بەرزاییەکانی گۆلان، بە درووشم و گۆرانی پێشوازی لە شاندێکی 100 کەسیی دروزەکانی سووریا دەکەن. بە "میوان، خۆشەویست و خزم" ناویان دەبەن. 
 
لە ساڵی 1973ـەوە ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی دروزەکانی هەردوو دیوی سنوورەکەن.
 
جەولان ئەبوزێد، دانیشتووی مەجدەل شەمسە و لەبارەی سەردانەکەوە دەڵێت، "ئەمە سەردانێکی مێژوویی نێوان خزمەکانە. ئێمە کەسوکارمان لە نێو سووریا هەیە و ئەوانیش لێرە هەیانە. هەروەک برا سوننەکانمان کاتێک سەردانی مەککە دەکەن، یانیش کریستیانەکان کە سەردانی ڤاتیکان دەکەن؛ ئەمەش مافێکی رەوای کۆمەڵگەی دروزە کە بچینە سووریا بۆ لای ناسیاوەکانمان و ئەوانیش بێنە ئێرە بۆ سەردانی ناوچە پیرۆزەکان."
 
ئەوانەی سەردانی ئیسرائیلیان کردووە، دروزی ئەو ناوچانەی گۆلانن کە لە دوای رووخانی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیل.
 
بڕیارە لەگەڵ شێخ مۆفەق تاریف، رێبەری دروزەکانی ئیسرائیل کۆببنەوە و دواتر سەردانی مەزارگەی پێغەمبەر شوعەیب، لە ناوچەی جەلیلی بەرزاییەکانی گۆلان بکەن.
 
سالم زێدان، مامۆستای خانەنشینی دروزە و دەڵێت، "ئەوەی لێرە دەیبینن، نموونەیێکی جوانی خۆشەویستییە. ئێمە گرنگی بە سنوور و سیاسەت نادەین. ئەمە کۆبوونەوەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو کۆبوونەوەی براکانە و هەموو ئەم خەڵکەی ئێرە بۆ هەمان مەبەست هاتوون."
 
دروزەکان نزیکەی 4٪ـی دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنن و پارێزگای سوەیدا چەقی ناوچەکەیانە. ئەوان موسوڵمانی شیعەن و خاوەن ئایینزایەکی تایبەتی خۆیانن کە بە تائیفەی موەحیدین ناسراون. لە لوبنان، ئیسرائیل و بەرزاییەکانی جۆلانیش دەژین.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە