محەممەد مووسا: ئەمریکا و فەرەنسا گوتیان تورکیا نزیکی رۆژهەڵاتی فوورات نابێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و فەرەنسا بە پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان (پەیەنەکە)ـیان گوتووە، تورکیا دەربازی رۆژهەڵاتی فوورات نابێت، بەڵام دەبێ نیگەرانییەکانی تورکیا بڕەوێننەوە.
محەممەد مووسا، سکرتێری پارتی چەپی کورد لە سووریا لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەتی کاژیر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکیشی دەکات باسی کۆبوونەوەی فەرەنسا لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانی کرد.
محەممەد مووسا گوتی "بەرلە دوو مانگ، ئەمریکا و فەرەنسا داوایان لە لایەنە کوردییەکان کرد پێکەوە کار بکەن و یەکهەڵوێست بن، بەڵام دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا، جارێکی دیکە شاندی فەرەنسی لەگەڵ لایەنەکانی پەیەنەکە کۆبووەوە و باسیان لە قۆناخی داهاتووی کرد."
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوە، محەممەد مووسا دەڵێ لەبارەی "هەڕەشەی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان گفتوگۆ کرا.'' لایەنە فەرەنسییەکان داوایان کرد 'کورد داواکارییەکانی بە نووسراو پێشکیش بکات، هەروەها گەرەنتی بدەنە تورکیا و مەترسییە ئەمنییەکانی تورکیا چارەسەر بکەن و سوورن لەسەر ئەوەی دیالۆگ لەگەڵ تورکیا بکەن."
بەگوتەی سکرتێری پارتی چەپی کورد لە سووریا "پارتەکانی نێو پەیەنەکە، رایانگەیاندووە ئامادەن لەگەڵ تورکیا کۆببنەوە بۆ نەهێشتنی مەترسییە ئەمنییەکانی تورکیا."
محەممەد مووسا گوتی لایەنی فەرەنسی چەند داواکارییەکی لە کورد هەبووە و پێیان گوتوون "خۆتان یەکلابکەنەوە کە دانوستانی ئێوە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا چۆن دەبێت و، نیگەرانییەکانی تورکیا کە دەڵێن 'مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیمان هەیە.' بڕەوێننەوە."
محەممەد مووسا خۆی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرەنسییەکاندا بەشدار بووە، دەڵێ بە لایەنە فەرەنسییەکانیان گوتووە، ئەوان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ تورکیا دا نییە 'کورد بەرامبەر رووخانی ئەسەد دڵگران نییە، لەبەرئەوەی زۆر ستەمی لە کورد کردووە، بەڵام ئەوان نیگەرانن بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئێستا، لەبەرئەوەی بەشێک بوون لە قاعیدە و گومانیان هەیە بتوانن کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و نەتەوەییەکانی سووریا بەتایبەت کورد، چارەسەر بکەن."
بەرپرسەکەی پارتی چەپی کورد لە سووریا باسی ئەوەی کرد، "دەسەڵاتدارانی ئێستا بە هاوکاریی تورکیا هاتوون و ناتوانن بە ئاسانی ئەو کێشانەی سووریا چارەسەر بکەن کە ساڵانێکە کۆبوونەتەوە."
محەممەد مووسا گوتی "لایەنی فەرەنسی هیچ گەرەنتییەکی بەرامبەر بارودۆخی سووریا نەبووە، بەڵام جەختیان کردووەتەوە لەوەی دەبێ کورد پەیوەندیی بە شامەوە هەبێت."
محەممەد مووسا گوتیشی "بەپێی قسەی ئەمریکا و هێزە رۆژئاواییەکان، تورکیا نزیکی رۆژهەڵاتی فوورات نابێت."