رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریر شام رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سووریا، خۆی بۆ پۆستی سەرۆک بەربژێر ناکات و دەڵێت "ئێستا بوونی من لە شام بەسە."
ئەمڕۆ (شەممە، 14-12-2024) ئەحمەد شەرع رایگەیاند، ئەو کاتە بۆ خزمەتکردنی گەلی سووریا و بنیاتنانی داهاتوو دەقۆزنەوە و، ئەو کارە لە دەست نادەن کە چەندین ساڵە کردوویانە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، له داهاتوودا هەڵبژاردن له سووریا دەکرێت و وەزارەتی بەرگری هەموو گرووپه چەکدارەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دا نامێنێت.
لەبارەی دەستووریشەوە دەڵێ "بۆ دەستووری سووریا، لیژنە و ئەنجوومەنی تایبەت دروست دەکرێن و، شێوازی دەسەڵات دەدرێتە دەست شارەزایان، یاساناس و گەلی سووریا و لەم چوارچێوەیەدا تواناکان دەبنە بنەمای هەڵسەنگاندن بۆ دەوڵەتی نوێ."
فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام دەشڵێت "جیاوازی لەنێوان کۆمەڵگەی کوردی و رێکخراوی پەکەکە دا هەیە و، ئیدارەی نوێ پەیوەندی بە کریستیان و درووزەکانیشەوە دەبێت."
سەبارەت بە پەرەسەندنە نوێیەکان لەگەڵ ئیسرائیل، ئەحمەد شەرع دەڵێت: ئیدارەی نوێ لەگەڵ ئیسرائیل لە ململانێدا نییە، بەڵام لایەنی ئیسرائیلی رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1974ـی پێشێلکردووە.
8ـی کانوونى یەکەم، کۆتایی بە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، سەرۆکى پێشووى سووریا هێنرا دواى ئەوەى چەکدارانى سەر بە دەستەى تەحریر شام دیمەشقى پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد.
13ـی کانوونى یەکەمى 2024، ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانى)، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) پەیامێکى ڤیدیۆیی بۆ گەلى سووریا بڵاوکردەوە و گوتى "پیرۆزبایی لە گەلى سووریا دەکەم بە بۆنەى سەرکەوتنى شۆڕش و داوایان لێدەکەم بچنە گۆڕەپانەکان بۆ دەربڕینى خۆشی، بەبێ تەقەکردن و تۆقاندنى خەڵک."
لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا جۆلانی ئاماژەى بەوەدا لە دواى دەربڕینی ئەو خۆشییە، "روودەکەینە بونیاتنانەوەى سووریا."
رۆژی دووشەممە، 09-12-2024، هەتەشە، محەممەد بەشیری بۆ پێکهێنانی حکومەتى قۆناخى راگوزەر راسپارد، کە لە سەرەتاى ئەم ساڵەوە سەرۆکى حکومەتى رزگاریی نیشتمانى سەر بەو گرووپە دەستنیشانکرابوو.
جۆلانی جیاواز لە جارانی پێشووی، لەم پەیامە ڤیدیۆییەیدا بە جلوبەرگی سڤیلەوە دەرکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ