نەمانی دەسەڵاتی ئەسەد ئەگەری هەستانەوەی داعشی زیاتر کردووە
رووداو دیجیتاڵ
جارێكی دیکە سەرنجی جیهان چووەوە سەر باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بە تایبەتی رۆژئاوای کوردستان و بە دیاریکراوی ژن و منداڵی داعش و چەکدارانی زیندانییان لای هەسەدە و ئەگەری زیندووبوونەوەیان لە ناوچەکە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "باسمان لە گرنگیی بەردەوامیی هەوڵەکان کرد بۆ کپکردنی داعش، هەردوو وڵات کاری زۆریان کردووە قوربانی زۆریشیان داوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو هەڕەشەیە سەرهەڵنەداتەوە".
کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستان سەرووی 18 هەزار ژن، 22 هەزار منداڵی داعشی لە خۆگرتووە؛ لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییەکی سیاسی، باڵانسی هێزی چەکداری ناوچەکە دەگۆڕێت و ئەرکی هەسەدەش لە کۆنترۆڵکردنی کەمپەکە قورستر دەکات.
جیهان حەنان، بەڕێوەبەری کەمپی هۆل دەڵێت: "بارودۆخەکە تاڕادەیەک بۆ دەستبەسەرکراوانی نێو کەمپەکە قورسە، کاری ئێمەش هێندە ئاسان نییە بە تایبەتی لەگەڵ ئەم پێشهاتەی ئێستا سووریا و ناوچەکەی گرتووەتەوە".
جگە لە کەمپی هۆل؛ سەرووی 10 هەزار چەکداری پێشووی داعش-یش لە چەند زیندانێكی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان.
نەمانی دەسەڵاتی ئەسەد، مەترسی بەهێزبوونەوەی داعش زیاتر دەکات؛ بە تایبەتی لە ناوچەکانی تەبقە، رەقە-ی ژێر دەستی هەسەدە؛ هەروەها دێرەزوور و مەیادین کە لە دوای ئەسەد، بەشێکیانی کەوتنەوە ژێر دەسەتی هۆزە عەرەبەکان بە هاوکاری راستەوخۆی سوپای نیشتمانی سووریا، پاڵپشتیکراو لەلایەن تورکیاوە.
پێکدادانی هەسەدە و ئەو گرووپانە، هەزاران کەسی ئاوارە کردووە؛ هەموو ئاوارەبوونێکیش تاڕادەیەکی زۆر بە سوودی شانە نووستووەکانی داعشە.
ئەبوو عەلی، ئاوارەی منبج دەڵێت: "چەند جارێک ئاوارەبووینەوە؛ بەهۆی پێکدادانی گرووپە چەکدارەکانەوە خەڵکێکی زۆر ماڵەکانیان جێهێشتووە، بەشێکیان لە ترسدا روویان کردووەتە ناوچە بیابانییەکان، وەک دەشزانن هیچ ئاسایشێك لەو ناوچانەدا نییە".
بە گوتەی هەسەدە، داعش نەمانی سوپای ئەسەدی قۆستووەتەوە و شانەکانی لە ناوچە بیابانییەکانی پارێزگەی دێرەزوور و حومس چالاکتر بوون و رۆژانە مێردمنداڵ و گەنجی زیاتر تێکەڵ بە ریزەکانی دەکات.