وەزیری ناوخۆی تورکیا: پار زیاتر لە 100 هەزار پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، زیاتر لە سێ ملیۆن هاووڵاتیی سووریا لە وڵاتەکەیاندا دەژین، زیاتر لە یەک ملیۆن کەسیش مافی مانەوەیان پێدراوە یان لەژێر پارێزبەندی نێودەوڵەتیدان.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، پار 103 هەزار و 45 کۆچبەری سووریا "بە ویستی خۆیان" گەڕانەوە وڵاتەکەیان؛ بەمەش لە 2016ـەوە 658 هەزار و 463 سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا ئێستا سێ ملیۆن و 114 هەزار و 99 پەنابەری سووریا لە تورکیان.
بە گوێرەی رێکخراوی پەنابەرانی تورکیا، 530 هەزار و 748 لەو پەنابەرانە لە پارێزگای ئیستەنبووڵن؛ 429 هەزار و 183 پەنابەر لە غازی عەنتابن و 273 هەزار و 790 کەسیشیان لە پارێزگای رووهان.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، یەک ملیۆن و 125 هەزار و 623 بیانی لە تورکیا مافی نیشتەجێبوونیان هەیە و 234 هەزار و 528 کەسیش لەژێر پارێزبەندیی نێودەوڵەتی لە وڵاتەکەیاندا دەژین.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکرای کرد، پار رێگریان لە 191 هەزار و 450 کۆچبەری نایاسایی کرد کە دەیانویست بچنە وڵاتانی ئەورووپا.