80 هەزار کەس لە زیندانەکانی حکومەتی سووریا بەندکراون


رووداو - هەولێڕ

بەگوێرەی راپۆرتی هەشت رێکخراوی بواری مافەکانی مرۆڤ، لە سووریا 80 هەزار کەس لە زیندانەکانی حکومەتی سووریادان و 13 هەزار کەسیش لە زیندانەکانی گروپەکانی ئۆپۆزیسیۆندان.

رۆژی 13ـی ئەم مانگە هەشت رێکخراوی سووری و نێودەوڵەتی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد تاوەکو گوشارەکانیان بۆ سەر لایەنە شەڕکەرەکانی سووریا زیاتر بکەن، بۆئەوەی چارەنووسی دەیان هەزار زیندانی ئاشکرابکەن. 

چالاکوانێکی رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئاماژە بەوە دەکات، رۆژانە خێزانەکان پرسیار لە کەسوکاری خۆیان دەکەن، هەواڵیان نییە، نازانن زیندوون یان مردوو، ئەوەش پرسێکی مرۆییە و دەبێت یەکلایی بکرێتەوە. 

گوتیشی "تاوەکو ئێستا ئاماژەیەکی روون لە حکومەت و گرووپە چەکدارەکانەوە نییە سەبارەت بەو زیندانی و رفێندراوانە، 80 هەزار کەس لە زیندانەکانی حکومەتی سووریادان و 13 هەزار کەسیش لە زیندانەکانی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆندان".

بەپێێ بەیاننامەی ئەو رێکخراوانەش ئەوانەی رفێندراون یان زیندانی کراون، خوێندکار، کاسبکار و چالاکڤانانن، کە بەشێکیان لە بازگەکانی پشکنین، بەشێکیشیان لە سەر کار یان شوێنی خوێندنیان رفێندراون.