رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی کۆمەڵکوژیی ئەم دواییەی خەڵکی سڤیلی سووریای سەرکۆنە کرد، داوای لە حکومەتی راگوزەری ئەو وڵاتە کرد، بێ رەچاوکردنی ئایین و نەتەوە، رێز لە هەموو پێکهاتەکان بگرێت.
لە راگەیەندراوێکدا، ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، تووندوتیژییەکانی رۆژئاوای سووریا کە 6ی ئادار دەستیان پێکرد، سەرکۆنە دەکات کە "کۆمەڵکوژیی خەڵکی سڤیلی"ی تێدا کرا، بەتایبەتی خەڵکی عەلەوی.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لانیکەم 1380 کەسی سڤیل کە زۆربەیان عەلەوی بوون، لە شەپۆلی تووندوتیژییەکانی ئەم دواییەدا لە ناوچە کەنارییەکانی رۆژئاوای سووریا کوژراون.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، خەڵکی سڤیل "لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و گرووپە هاوپەیمانەکانیانەوە" کوژراون.
ئەنجوومەنی ئاسایش "نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی لەبارەی کاریگەریی ئەم تووندوتیژییە لەسەر زیادبوونی گرژییەکان لەنێوان کۆمەڵانی خەڵکی سووریا و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە دەستبەجێ هەموو تووندوتیژییەکان و دنەدانەکان بووەستێنن و دڵنیابنەوە لەوەی هەموو خەڵکی سڤیل، ژێرخانی سڤیل و کارە مرۆییەکان پارێزراون."
دەشڵێت، "ئەنجوومەنی ئاسایش داوا لە دەسەڵاتە کاتییەکان دەکات پارێزگاری لە هەموو سووریاییەکان بکەن، بێ جیاوازیی نەتەوەیی یان ئایینی."
لەو کاتەوەی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەم لە دەسەڵات نەماوە، زۆربەی عەلەوییەکان دەترسن لە لایەن پێکهاتەکانی دیکە تۆڵەی ئەو ئازار و ئەشکەنجەیەیان لێ بکرێتەوە کە لە ماوەی فەرمانڕەوایی ئەسەددا تووشی ببوون.
شەڕ و پێکدادانە دوای ئەوە دەستیان پێکرد کە ژمارەیەک چەکداری لایەنگری ئەسەد، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی راگوزەری سووریایان خسە بۆسەیەکەوە و چەند ئەندامێکیان کوشتن.
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا، کە سەرۆکایەتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) دەکات، بەڵێنی داوە ئەو کەسانە دادگایی بکات کە لە پشت "خوێنڕشتنی خەڵکی سڤیلەوەن" و لیژنەیەکی راسپاردووە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات.
هەتەشە لقێکی پێشووی رێکخراوی قاعیدە بوو لە سووریا، هێشتا لەلایەن چەندین وڵاتەوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کراوە، لە نێویاندا ئەمریکا.
لەو کاتەوەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، ئەنجوومەنی ئاسایش بە رادەیەکی زۆر نەیدەتوانی هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ لەسەر ململانێکە بنێت، چونکە رووسیا چەندین جار مافی ڤیتۆی بۆ پاراستنی ئەسەد بەکارهێنا.
بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و دەقی راگەیێندراوەکەی رۆژی هەینی ئەنجوومەنەکە، بە هاوبەشی لە لایەن رووسیا و ئەمریکاوە واژۆکراوە.
کانوونی یەکەم، ئەنجوومەنەکە داوای لە سووریا کرد کە لە پرۆسەیەکی سیاسیی فرەلایەن دەستپێبکات کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆبگرێت.
رۆژی هەینی هەمان داواکاری دووپاتکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ