کورد، سریان و درووز راگەیێندراوی دەستووری سووریا رەتدەکەنەوە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کورد، سریان و درووز ناڕەزایی تووند بەرامبەر راگەیێندراوی دەستووری سووریا دەردەبڕن، کە دوێنێ لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریاوە واژۆ کرا.
 
لایەنە کوردستانییەکان و بەشێکی دیکە لە پێکهاتەکان پێیانوایە ئەم راگەیێندراوە بە شێوەیەکی رێکخراو مافەکانیان پێشێل دەکات.
 
"تاکڕۆیی و ستەم بە جلوبەرگێکی نوێوە"
 
پارتی دیموکراتی پێشکەوتووی کوردی لە سووریا (پەدەپەکەسە) لە راگەیێندراوێکدا کە لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، "دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، هیوامان بۆ دروستبوو، وامان دەزانی خەڵکەکەمان ئازادی بەدەستدەهێنێت و کۆتایی بە سەردەمی چەوسانەوە و تووندوتیژی دێت، بەڵام بە سەرسوڕمانەوە و بە داخێکی گرانەوە بینیمان کە دەسەڵاتدارە نوێیەکانیش هەمان سیاسەتی تاکڕۆیی و پەراوێزخستن پەیڕەو دەکەن، تەنانەت لە کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانیشەوە، گوایە بۆ هەموو لایەنەکان بوو تاوەکو دەگاتە راگەیاندنی دەستووری."
 
پارتە کوردستانییەکە جەخت دەکاتەوە، ئەم راگەیێندراوە دەستوورییە "بە هیچ شێوەیەک نابێتە مایەی بەدیهێنانی خەونی سووریاییەکان بۆ دیموکراسی، بەڵکو بریتییە لە پتەوکردنی بنەمای تاکڕۆیی، دیکتاتۆرییەت و چەسپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی کە دەسەڵاتی رەها دەبەخشێتە سەرۆککۆمار؛ هەروەها ئازادییەکان و کاری سیاسی سنووردار دەکات."
 
"پەراوێزخستنی سیستماتیکی کورد و نەتەوەکانی دیکە"
 
پارتی هیڤیی کوردی لە راگەیێندراوێکی دیکە بە زمانێکی تووندتر دەڵێت، "لە کاتێکدا کە دەبێت ئەم راگەیێندراوە دەستوورییە چوارچێوەیەک بێت بۆ قۆناخی راگوزەر، نیگەرانی قووڵی خۆمان دەردەبڕین و بەتەواوی رەتی دەکەینەوە، چونکە کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکانی سووریا تێیدا پشتگوێخراون، بەتایبەت نەتەوەی کورد."
 
پارتی هیڤی ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەم راگەیێندراوە گوزارشت لە فرەیی راستەقینە و کەتواری گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە ناکات، بەڵکو هەوڵ دەدات مۆدێلێکی تاکڕۆیانە بسەپێنێت کە تەنیا دان بە ناسنامەی عەرەبی دەنێت، کە ئەوەش هەنگاوێکە زیاتر پەراوێزخستن قووڵتر دەکاتەوە و ناکۆکییەکان لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریادا زیاتر دەکات."
 
پارتی هیڤی پێیوایە "ئەم راگەیێندراوە پەراوێزخستنێکی سیستەماتیکییە بۆ مافی هاووڵاتیانی سووریایی ناعەرەب و پشتگوێخستنی مافە رەواکانی گەلی کوردە کە بەشێکی دانەبڕاوە لە رەسەنایەتی سووریایی."
 
پارتی یەکێتیی سریانی: دەستووری نوێ درێژەپێدانی بیروبۆچوونەکانی ئەسەدە
 
پارتی یەکێتی سریانی لە سووریاش رەتکردنەوەی خۆی بۆ راگەیێندراوی دەستووری بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە "راگەیێندراوی دەستووری بەردەوامبوونی چەسپاندنی پەراوێزخستن و پشتگوێخستنی پێکهاتەکانی سووریایە."
 
پارتی سریانی پێیوایە "قۆناخی راگوزەر دەبێت لەسەر بنەمای بەشداری راستەقینەی هەموو پێکهاتەکان بێت" و پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە "مافی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ هەمووان دەستەبەر بکرێت."
 
پارتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "راگەیێندراوی دەستووری نوێ درێژەپێدانی ئەو بیروبۆچوونانەیە کە رژێمی لەنێوچووی ئەسەد پەیڕەوی دەکرد."
 
"پێویستمان بە پرۆسەیەکی سیاسیی هاوبەشیی راستەقینەیە"
 
ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کە چەترێکی سیاسی کوردستانییە لە سووریا و رژئاوای کوردستان، رایگەیاند، دەستووری نوێی سووریا "تووشی شۆکی کردوون" و "جێگەی بێ ئومێدی بووە."
 
ئەنەکەسە بە درێژی ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم دەستوورە فرەیی لە سووریا پشتگوێ خستووە وەک دەوڵەتێکی فرە نەتەوەیی و ئایینی، و تەنیا ناسنامەی یەک نەتەوەی لە ناوی دەوڵەتدا جێگیر کردووە، کە مەبەست لێی هێشتنەوەی ناوی وڵاتە بە کۆماری عەرەبیی سووریا.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، عەرەبی بە زمانی فەرمیی وڵات دەستنیشانکراوە و باس لە کوردی و سریانی نەکراوە.
 
ئەنەکەسە پێیوایە کە ئەم دەستوورە "هەنگاوێکی دیکەیە بۆ تاکڕۆیی لە دەسەڵات" و داوا دەکات، "هەڵوێستێک لەلایەن سەرجەم هێزە نیشتمانی و دیموکراسی و نەتەوەییەکانەوە هەبێت بۆ ئەوەی چاو بەو دەستوورەدا بخشێندرێتەوە و فرەیی سیاسی و نەتەوەیی تێدا بێتەدی."
 
مەسەدە: هەموو هەوڵێک رەتدەکەینەوە بۆ بەرهەمهێنانی دیکتاتۆرییەت
 
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) کە باڵی سیاسیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا، دەستوورە کاتییەکە بەشێوەیەکی بنەڕەتی رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "ئەو دەستوورە کاتییە بەشێوەیەکی نوێ، ستەم بەرهەم دەهێنێتەوە و رێگەخۆشکەرە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی و رەها؛ هەروەها دەسەڵاتی جێبەجێکردن و کاری سیاسی کۆتوبەند دەکات و پێکهێنانی پارتی سیاسی رادەگرێت، ئەوەش رێرەوی گۆڕانی دیموکراسی پەکدەخات."
 
مەسەدە دەشڵێت، "بە تووندی هەموو هەوڵێک رەتدەکەینەوە بۆ بەرهەمهێنانی دیکتاتۆری لە ژێر چەتری قۆناخی راگوزەر" و داوا دەکات ئەم دەستوورە دابڕێژرێتەوە بەجۆرێک کە "گەرەنتی دابەشکردنی دادوەرانەی دەسەڵاتەکان و ئازادیی کاری سیاسی بکات و دان بە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا و پەیڕەوکردنی سیستمی دەسەڵاتی دیموکراسی و ناناوەندییدا بنێت."
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: "عەقڵیەتی تاکڕۆیی دەردەکەوێت"
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا رەخنەی تووند لە دەستووری نوێ دەگرێت و دەڵێت، "ئەم راگەیێندراوە بەندی کۆنباو لەخۆدەگرێت کە هاوشێوەی پێوەر و ستانداردەکانی پەیڕەوکراوی حکومەتی بەعسە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە، "ئەم هەنگاوە جارێکی دیکە پێچەوانەی دۆخی سووریا و فرەپێکهاتەیی وڵاتەکەیە، هەروەها ساختەکردنێکی راستەقینەی ناسنامەی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی سووریایە."
 
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت، "راگەیێندراوەکە لە نیشان و گیانی سووریایی و پێکهاتە جیاوازەکانی وەک کورد و تەنانەت عەرەب و سریان و ئاشوور و پێکهاتە نیشتمانییەکانی دیکەی سووریا بێبەشە."
 
جەختیش دەکاتەوە کە "ئەم راگەیێندراوە دەربڕینی 'عەقڵیەتی تاکڕۆی'یە کە درێژەپێدانی دۆخی پێشووی سووریایە کە گەل دژی راپەڕی. هیوادارین هەندێک کردەوە و بیرۆکەی تەسک نەمانبەنەوە بۆ خاڵی سفر، چونکە ئەمە جارێکی دیکە برینی سووریا دەکولێنێتەوە."
 
شەرع: "دەروازەی خێر بۆ سووریایەکی نوێ"
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا، رۆژی پێنجشەممە دوای واژۆکردنی راگەیێندراوەکە لە دیمەشق پێداگری کرد کە ئەم دەستوورە سەرەتای قۆناخێکی نوێیە و گوتی: "هیواخوازین ئەو دەستوورە دەروازەیەکی خێر بێت بۆ گەلی سووریا بۆ بونیادنان و گەشەسەندن، ئەمە ببێتە مێژوویەکی نوێ بۆ سووریا کە نەزانی بگۆڕدرێت بۆ زانست و ئەشکەنجە بگۆڕین بە بەزەیی."
 
قۆناخی راگوزەری سووریا بۆ 5 ساڵ دەبێت و لەو ماوەیەدا لە بری دەستوور، کار بە راگەیێندراوەکەی رۆژی پێنجشەممە دەکرێت، تاوەکو هەڵبژاردن لە سووریادا دەکرێت، پەرلەمانی نوێ دەستنیشاندەکرێت و دەستوورێکی نوێ بۆ وڵات دەنووسرێتەوە.
 
ئەم دەستوورە کاتییە دەسەڵاتی زۆر دەداتە سەرۆککۆمار و مافی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە سەرۆککۆمار دەدات.
 
"دەستووری راستەقینە ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشدار دەبن"
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "دەستووری راستەقینە ئەوەیە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن، لەسەری رێکدەکەون وەک رێڕەویی دیموکراسی بەردەوام بۆ داهاتووی سووریا و نەوەکانی داهاتووی."
 
هەموو لایەنە کوردستانی و سریانییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی دەستووری نوێی سووریا پێویستە دابڕێژرێتەوە و لەسەر بنەمای رەزامەندی و هاوبەشی راستەقینەی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بێت.
 
درووز: دان بە سەرۆککۆماردا نانێین و دەستوورمان نییە
 
فەرماندەی سەربازیی درووزەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دان بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع و راگەیێندراوە دەستوورییەکەدا نانێن.
 
لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رۆژی پێنجشەممەی رووداودا کە دلبخوین دارا پێشكێشی کرد، بەها جەمال، فەرماندەی سەربازیی درووزەکانی سووریا گوتی، "داواکاریمان داواکاریی هەموو سوورییاییە شکۆمەندە ئازادیخوازەکانە. داوای وڵاتێکی عەلمانی دەکەین؛ وڵاتێک کە رێز لە مرۆڤ بگرێت، بێ ئەوەی جیاکاری لەنێوان تائیفە و نەژادەکان بکات."
 
فەرماندەکە رایگەیاند، "کاتێک دەڵێین سەرۆککۆمار، دەبێت هەڵبژاردنی رەوا لە سەرانسەری کۆمار بکرێت. ئێمە دان بە سەرۆککۆماردا نانێین. دوای هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد دان بە سەرۆککۆماردا دەنێین. دەستوورمان لە سووریادا نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد شەرع لە کاتی واژۆکردنی رەشنووسی دەستوور.

رووداو دەقی راگەیێندراوی دەستووری نوێی سووریا بڵاودەکاتەوە

رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئادارى 2025 کۆمیتەى پسپۆڕانى راسپێردراو بۆ داڕشتنى راگەیێندراوى دەستوورى سووریا، رەشنووسى دەستوورى رادەستى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر کرد و ئەویش پەسندی کرد و واژۆی لەسەر کرد.