وەزیری دەرەوەی سووریا: کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی تورکیا لە دوای کۆتاییهێنان بە داگیرکاری دەبێت


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی سووریا جەخت لە گوتەکانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی وڵاتەکە دەکاتەوە سەبارەت بە لێکنزیکبوونەوەیان لەگەڵ تورکیا و دەڵێت، بۆ ئەوەی لێکنزیکبوونەوەیەکی تەواو بەدەست بهێندرێت، دەبێت تورکیا کۆتایی بە "دەستوەردانی سەربازیی" لە وڵاتەکەیدا بێنێت. 
 
رۆژی شەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2023، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، هاوتا ئێرانییەکەی لە دیمەشق گوتی: "ناتوانین قسە لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندیی ئاسایی لەگەڵ تورکیا بکەین بەبێ لابردنی داگیرکاری." 
 
میقداد گوتیشی کە "کۆبوونەوەی نێوان ئەسەد و سەرکردایەتیی تورکیا بەندە بە نەهێشتنی هۆکاری ناکۆکییەکان" بەبێ ئەوەی ئەوەی وردەکاری زیاتر بدات یانیش ناوی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ببات. 
 
ئەم گوتانەی میداد دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هات کە وڵاتەکەی هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەسەدە. 
 
عەبدوڵڵاهیان کە هەر رۆژی شەممە لەگەڵ بەشار ئەسەدیش کۆبووەوە، رۆژی پێشتر رایگەیاند کە ئێران "دڵخۆشە بەو دانوستاندنانەی لەنێوان سووریا و تورکیادا دەکرێن." 
 
رۆژی پێنجشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2023، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا گوتی "بۆ ئەوەی ئەم کۆبوونەوانە بەرهەمداربن، دەبێت لەسەر بنچینەی هاوئاهەنگی و پلانی پێشکەوتوو لەنێوان سووریا و رووسیا بونیاتبنرێن." 
 
ئەم گوتانەی ئەسەد، یەکەمین لێدوانی سەرۆکی سووریا بوون لەدوای کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی بەرگریی سووریا و تورکیا بە نێوەندگیریی رووسیا، لە دوای زیاتر لە دەیەیەک لە شەڕی نێوخۆی سووریا. 
 
راگەیێندراوەکەی نووسینگەی بەشار ئەسەد دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ، نێردەی رووسیا بۆ سووریا هات. 
 
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا - سانا رایگەیاند، ئەسەد گوتوویەتی، "پێویستە پێشتر هاوئاهەنگی لە نێوان سووریا و رووسیادا بکرێت بۆ کۆبوونەوەی لەوجۆرە." ئەوەش بۆ ئەوەی وەکو خۆی دەڵێت، کۆبوونەوەکان "بەرهەمدار بن و ئەنجامی بەرجەستە لە بەرژەوەندیی گەلی سووریادا بەدەستبێنن. ئەوەش بە پشتبەستن بە پڕنسیپە نیشتمانییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و وازهێنان لە پاڵپشتیکردنی تیرۆر." 
 
رۆژی پێنجشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2023، مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کیگالیی پایتەختی رواندا رایگەیاند کە هیچ رێککەوتێکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا نییە، بەڵام گوتیشی کە کۆبوونەوەکە "بە زووترین کات" دەکرێت. 
 
کۆبوونەوەیەکی لەوجۆرە دەبێتە باڵاترین کۆبوونەوەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق لەو کاتەوەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011دا دەستیپێکردووە. 
 
تورکیای ئەندامی ناتۆ، بەشێکی سەرەکی لەو ململانێیەدا بینیوە، پشتیوانی لە دژبەرانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی وڵاتەکە دەکات و هێزە نزیکەکانیشی لە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا جێگیرکردووە.
 
مۆسکۆ هاوپەیمانیی سەرەکی ئەسەدە و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە مانگی ئەیلوولی 2022 دا داوای ئاشتەوایی لەگەڵ ئەنقەرەی لە ئەسەد کردووە. 
 
وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریا لە مانگی رابردوودا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی سنوورەکان و چەند پرسێکی دیکە. هەفتەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دەکرێت وەکو بەشێک لە پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی، لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆبێتەوە، کە ئەوەش لەدوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، سووریا و رووسیا دەبێت.