رووداو- هەولێر
لە بەردەوامی قەیرانی 5 ساڵەی سووریادا، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 250 هەزار کەس، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، ئەگەر رێککەوتنێکی ئاشتی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان واژۆ نەکرێت، ئەوا شەڕ و پێکدادانەکەی ئەو وڵاتە کوشتارگە و قوربانی زیاتری لێدەکەوێتەوە.
فلیپۆ گراندی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بۆ بەهاناوەچوونی قەیرانی سووریا و رزگارکردنی خەڵک لە مەترسی مردن، ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستیان بە 8 ملیار دۆلار هەیە.
ئەو هۆشداریییەی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران لەکاتێکدایە، رۆژ دوای رۆژ بەهۆی بەردەوامی شەڕ ژیانی خەڵکی شار و شارۆچکەکانی سووریا دەکەوێتە مەترسی و خەڵکی بەشێک لە سووریا تەنانەت ناتوانن دەستیان بە بنەما سەرەتاییەکانی ژیان وەکو خواردن و خواردنەوە بگات.
شارۆچکەی مەزایا یەكێکە لە دیارترین نموونەی ئەنجامی نالەباری رەوشی سووریا، بەرپرسێکی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، لە هەر پێنج ساڵی قەیرانەکەدا هاوشێوەی مەزایام بەچاوی خۆم نەبینیوە.
بەرلەوەی هاوکاری مرۆیی بگاتە 40 هەزار خەڵکی مەزایا، لە برسان دەنگی هاواریان لێ بەرزبووەوەو رایانگەیاند "پشیلە و سەگ لەو شارەدا بە زیندوویی نەماون."
بڕیارە 25-1-2016 ی ئەمساڵ، کۆبوونەوەکان سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا لە جنێف بەڕێوەبچن، ئەمە بووەتە جێگەی سەرنجی گەورەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمە لەکاتێکدایە رێکخراوی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران کورتهێنانی دارایی راگەیاندووە و تەنیا پرۆسیەکی ئاشتیش بە چارەسەر بۆ نەهێشتنی قوربانیان دەزانێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ