سووریا
پیاوێک لە لای چەند فەردەیەکی پڕ لە ئێسقان لە دیمەشق، کە لە پاش رووخاندنی بەشار ئەسەد دۆزراونەتەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا سووریاییەکان بەبۆنەی کەوتنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد ئاهەنگ دەگێڕن، گەڕان بەدوای دەیان هەزار سووریایی بەردەوامە، کە ئەسەد دەستگیری کردوون یاخود بێسەروشوێنی کردوون.
رۆژی پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، گیێر پێدەرسن، نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دەبێت کاری لەپێشینەمان دۆزینەوەی ئەو کەسانە بێت کە بێسەروشوێن کراون، هەروەها دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی خێزانەکانیان روونکردنەوەی پێویستیان پێدەدرێت".
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت: "دەبێت بەڵگەکانی ئەو دڕندەییانەی کە کراون بپارێزرێن... دادپەروەری نەک تەنیا مافێکی قوربانییانە، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنیان پێویستیە و رێگری لە پێشێلکاری زیاتر دەکات".
تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی 2011ـەوە هەزاران بەڵگەی دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی سووریاییەکانی کۆکردووەتەوە.
ئەو تۆڕە سوورییە دەشڵێت، لە شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە لانیکەم 231 هەزار کەسی سیڤیل کوژراون، لەم ژمارەیەش کوژرانی 202 هەزار کەسیان لە ئەستۆی حکومەتی پێشووی سووریا بووە، کە 23 هەزار منداڵ، 22 هەزار ژنی تێدا بووە و 15 هەزار کەسیشیان لەژێر ئەشکەنجە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی تۆڕەکە، لە ماوەی 14 ساڵی جەنگی نێوخۆی سووریا، 96 هەزار کەس بێسەروشوێنکراون و نزیکەی 40 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ