هەسەدە: پلانی کۆنترۆڵکردنی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاقمان تێکشکاند

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
سکرینشۆت لەو ڤیدیۆیەی هەسەدە بڵاویکردووەتەوە.
سکرینشۆت لەو ڤیدیۆیەی هەسەدە بڵاویکردووەتەوە.
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج رایگەیاند، دوای سێ رۆژ شەڕکردنی بەردەوام، "پلانی کۆنترۆڵکردنی پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین"یان هەڵوەشاندووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو سێ رۆژەدا هەشت شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 200 چەکداری گرووپەکان کوژراون.
 
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی 13-12-2024 بڵاوی کردەوە رایگەیاند، هێزەکانیان هێرشی گرووپە چەکدارەکانیان دژی پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین تێکشکاندووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە سێ رۆژی رابردوودا گرووپە چەکدارەکان بە پشتیوانی 20 درۆنی تورکیا زیاتر لە 160 جار هێرشیانکردە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق لە باشووری رۆژهەڵاتی منبج، بەهۆیەوە شەڕی سەختی لەنێوان هێزەکانمان و چەکدارەکاندا بەڕێوەچوون".
 
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدەیە) دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانی درۆنەکاندا بۆ بەنداوی تشرین، "زیانێکی زۆر بەر بەنداوەکە کەوتووە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، شەڕڤانەکانیان بە "شێوازێکی نوێ شەڕیان لە دژی گرووپە چەکدارەکان کرد؛ بۆسەیان بۆ دانان و گورزی قورسیان لێدان".
 
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج دەڵێت: "لە ئەنجامی بەرخودانی هێزەکانمان، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق لەلایەن چەکدارەکانەوە پووچەڵ کرایەوە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەنجوومەنی سەربازیی منبج ئاماژەی بەوەکردووە، لە سێ رۆژی شەڕدا 142 چەکداری گرووپە چەکدارەکان لە بەنداوی تشرین، 68 چەکدار لە پردی قەرەقۆزاق و 13 بەرپرسی گرووپەکان لە هەردوو شەڕەکەدا کوژراون.
 
لەبارەی زیانی هێزەکانیانەوە ئەنجوومەنی سەربازیی منبج رایگەیاند، لە سێ رۆژی شەڕەکەدا هەشت شەڕڤانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج گیانیان لەدەستداوە و 13ـی دیکەش بریندار بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە