گوندەکانی تلتەمر تۆپباران دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیا خۆجێییەکان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چەند جارێک گرووپە چەکدارەکان گوندەکانی تل تەمریان تۆپباران کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەردوو گوندی (ئوم کێف و تل تەویل) لە رۆژئاوای شارۆچکەی تل تەمر لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە تۆپباران کراون.
تل تەمر دەکەوێتە کانتۆنی جزیرە و لەژێر دەسەڵاتی شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە. چوار رۆژ لەمەوبەر هەمان ناوچە تۆپباران کرابوو.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە سنووری منبج و دەوروبەری ئاگربەست لەنێوان شەڕڤانانی هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی سووپای نیشتمانیی سووریا راگەیێندراوە.
ژووری ئۆپەراسیۆنی فەجر حوڕییەی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئاگربەستەکە لە 12ی 12ـەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 16ـی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام گەیشتنە دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا و ئەسەد رایکرد بۆ رووسیا.