رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەدوای دەستپێکی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بە سەرکردایەتیی تەحریر شام کە بووە هۆی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە سووریا ئاوارە بوون.
رۆژی پێنجشەممە 12ی کانوونی یەکەمی 2024، رێکخراوی هاوئاهەنگیکار بۆ کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە ناسراوە بە (ئۆچا)، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گەڕی نوێی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوخۆی سووریا کە لە 25ی تشرینی دووەم دەستیانپێکرد، یەک ملیۆن و 100 هەزار کەس ئاوارە بوون، کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ بوون.
هەرچەندە حکومەتی کاتیی سووریا بەڵێنیداوە سەروەری یاسا بچەسپێنێت، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا هەر هەنگاوێکی دژ بەو بەڵێنە، مەترسی سەرهەڵدانی ناکۆکی نوێی لێدەکەوێتەوە.
لەبارەی دۆخی ناوچەکانی باکووری سووریا و بەتایبەت لە شاری حەلەب، رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، قەیرانی خۆراک لەو شارە و ناوچەکانی دەوروبەری دروست بووە، ئەمەش بەهۆی داخستنی نانەواخانەکان بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و ئارد. هەروەها کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبوونەتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە نزیک بەنداوی تشرین لە پارێزگەی حەلەب بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبا و دەستگەیشتن بە ئاو و ئەمەش کاریگەریی لەسەر 400 هەزار کەسی ناوچەکە کردووە بەتایبەتی لە کۆبانێ و منبج.
هەروەها ئۆچا ئاماژەی بەوە کردووە، رێکخراوەکەیان بەردەوامە لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی لە تورکیاوە بۆ ناوچەکانی سووریا، رۆژی پێنجشەممەش 26 لۆری پڕ لە خۆراک و هاوکاریی دیکەی گەیاندووەتە ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوای سووریا.
لەبارەی دۆخی ئەمنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا لە راگەیێندراوەکەی رێکخراوی ئۆچادا هاتووە، "هێشتا بەربەست هەیە بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ هەندێ لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا وەکو شارەکانی رەقە، تەبقە، حەسەکە و دێرک کە هاتووچۆکردن لەو ناوچانە سنووردارە، ئەویش بەهۆی زۆربوونی خاڵی پشکنین و تاڵانکاری".
ئۆچا دەڵێت، سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەک و خۆراکیان بۆ زیاتر لە 700 هەزار کەس لە ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوای سووریا دابین کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ