رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەگەڵ شاندێکی فەرەنسی سەبارەت بە دیالۆگی کوردی - کوردی لە کۆبوونەوەدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی لە تربەسپی دەڵێت، "ئێمە ئامادەین لەگەڵ پەیەنەکە دەست بە گفتوگۆ بکەینەوە، بەڵام دەمانەوێت پەکەکە ناوچەکە جێبهێڵێت".
ئەمڕۆ هەینی 13-12-2024، نەشئەت زازا، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە تربەسپی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد، رایگەیاند، دانوستاندنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و ئەو شاندە فەرەنسی - ئەمریکییەی کە هاتوونەتە رۆژئاوای کوردستان، دەستیپێکردووە.
نەشئەت زازا گوتی، ئێستا فەرەنسییەکان بۆ دیالۆگی کوردی - کوردی لەسەر هێڵن و لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە لە کۆبوونەوەدان.
بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە تربەسپی، ''فەرەنسییەکان داوای ئەوە دەکەن کە رێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان پارەتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بکرێت و کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنن، بۆ ئەوەی بتوانن شاندێکی هاوبەش پێکبهێنن".
دیالۆگی کوردی - کوردی لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، کە سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ـوە گفتوگۆکانیان راگیراون.
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، گرنگیی دیالۆگی کوردی - کوردی بۆ یەکگرتوویی کورد لە داهاتووی سیاسیی سووریا، چەند هێندە زیاتر بووە. نەشئەت زازا ئاماژەی دا، ''شاندی فەرەنسی دەیەوێت بزانێت کە ئەنەکەسە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی کوردی یان نا".
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە تربەسپی جەختی لەوە کردەوە، ''هەر کاتێک بۆ گفتوگۆی کوردی - کوردی دیاری بکرێت، ئێمە ئامادەین بەشداری تێدا بکەین. خۆمان بەرامبەر یەکڕیزیی ماڵی کورد و هەڵوێستی یەکگرتوو بە بەرپرسیار دەزانین".
وەک نەشئەت زازا دەڵێت، ناکۆکیی سەرەکییان لەگەڵ پەیەنەکە، پەیوەستە بە هەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، ''دەمانەوێت پەکەکە ئەم ناوچانە چۆڵ بکات، چونکە ئاستەنگیی بۆ خەڵکی ئێمە دروست کردووە".
بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی لە تربەسپی، دەرچوونی پەکەکە لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان یەکێک لە مەرجەکانی ئەنەکەسەیە بۆ دانوستاندن لەگەڵ پەیەنەکە، بەر لەوەی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا پێکبهێنرێت.
چەند رۆژە شاندێکی فەرەنسی - ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستانن و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی شاندێکی یەکگرتوو پێکبهێنن و بە مەبەستی دانوستاندن لەسەر حکومەتی داهاتووی سووریا و بەڕێوەبەریی رۆژهەڵاتی رووباری فوورات و بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان، بچنە دیمەشق، بەڵام پێویستە سەرەتا کۆتایی بە ناکۆکییەکانی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بهێنرێت.
نەشئەت زازا ئاماژەی بەوە کرد، ''پێویستە ئەم دەرفەتە لەدەست خۆمان نەدەین، راستە دەرفەتەکانی پێشوو لەدەست چوون، بەڵام ئەم جارە بە بەرژەوەندیی گەلی کوردە دانوستاندن بکەین، ئەگەریش بە ئەنجام نەگەین، ئەوە مێژوو روحم بە هیچ کەسێک ناکات و هەموومان زیانمان بەردەکەوێت".
زۆرینەی کورد لەسەر شێوەی فیدراڵی بۆ بەڕێوەبەریی داهاتووی سووریا هاوڕان. سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەنەکەسە لە تربەسپی گوتی، ''تاوەکو ئێستا دیار نییە کە حکومەتی داهاتووی سووریا چۆن دەبێت، بەڵام ئێمە حەز دەکەین سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکەمان، لە بەڕێوەبەریدا بەشدار بن، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوەژیان بپارێزین".
بەگوتەی نەشئەت زازا، بۆ ئەوەی گەشبینی بۆ داهاتووی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبێت، ''پێویستە لە پلەی یەکەمدا بەرژەوەندیی گەلی خۆمان، بەرژەوەندیی خاکەکەمان و داخوازیی کورد لەبەرچاو بگرین، ئەگەر ئەوە نەکرێت، نەک تەنیا لایەنێکی سیاسی، بەڵکو هەموومان وەکو کورد زیان دەبینین".
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی شاندی فەرەنسی و دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە بۆ رای گشتی رابگەیێنرێت.
کۆبوونەوەکانی شاندی فەرەنسی - ئەمریکی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەکاتێکدان کە رۆژی یەکشەممە 08-12-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و لە میدیای فەرمیی دەوڵەت رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند. دواتر، رووسیا رایگەیاند بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆن و مافی پەنابەرییان پێدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ