رووداو دیجیتاڵ
پەنابەرانی سووریایی لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا بەبۆنەی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ئاهەنگ دەگێڕن، لە هەمانکاتدا دڵتەنگن بەهۆی هەڵپەساردن و راگرتنی کەیسەکانیان.
ئەنەس موئمین، پەنابەرێکی سووریاییە لە ئەڵمانیا دەژیێت و دەڵێت، "لە هەواڵەکان بینیم و شۆک بووم کاتێک سیاسەتڤانێک داوا دەکات هەزار یۆرۆ بدرێتە سووریاییەکان تاوەکو بگەڕێنەوە، پێموایە ئەوە بیرۆکەیەکی زۆر خراپە، دۆخی ئێستای سووریا زۆر خراپترە لە رابردوو".
تاریق عەلۆس، چالاکڤانی بواری کۆچبەرانە و لەوبارەیەوە دەڵێت، "زۆر لە سووریاییەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام ئەوەش پەیوەستە بەوەی دۆخی وڵاتەکە ئاسایی بێت و نابێت هیچ کەسێک بەزۆر رەوانە بکرێتەوە".
دوای ئەوەی لە 8-12-2024، چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن رووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان راگەیاند، 12 وڵاتی ئەورووپی پرۆسەی وەڵامدانەوەی داواکاریی پەنابەرێتییان بۆ سووریاییەکان راگرت. لەنێویاندا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا، سوێد و ئیتاڵیا هەن.
لە ئەڵمانیا 47 هەزار پەنابەری سووریایی چاوەڕێی وەرگرتنەوەی وەڵامن و لە بەریتانیاش شەش هەزار و 500 کەیسی پەنابەرە سووریاییەکان هەڵپەسێردراوە.
شەبییە مانتۆ، گوتەبێژی رێکخراوی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەوە دەڵێت: "ئێمە تێبینی ئەوەمان کردووە پرۆسەی وەڵامدانەوەی داواکاری مافی پەنابەرێتی بۆ پەناخوازانی سووریایی هەڵپەسێردراوە، بەڵام ئەوەی گرنگە دۆخی ئێستای سووریا بەخێرایی دەگۆڕدرێت و دەبێت هەموو کەیسێکیش لەسەر بنەمای تاکە کەسی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت."
دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 جەنگی نێوخۆیی لە سووریا سەریهەڵدا، زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس پەنابەری وڵاتان بوون. لەو ژمارەیەشدا زیاتر لە ملیۆنێکیان لە ئەڵمانیا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ