ئەنجوومەنی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەستوورە نوێیەکەی پەسەند کرد

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دەستووری نوێی هەرێمەکەی پەسند کرد کە ئەوان وەک "گرێبەستی کۆمەڵایەتی" ناوی دەبەن.
 
دەستوورە نوێیەکەی هەرێمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە 134 مادە پێکدێت و لە مادەکانیدا باسی پرەنسیپە بنەڕەتییەکان، ماف و ئازادییەکان، سیستەمی سیاسی-کۆمەڵایەتی و حوکمە گشتییەکان کراوە.
 
رۆژی سێشەممە، 12-12-2023، ئەنجوومەنی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی دەستووری نوێی هەرێمەکە، کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەیەکی ئاساییدا کە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و نوێنەری ئەنجوومەنی یاسادانەری حەوت هەرێمی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تێدا ئامادە بوون، دوای ئەوەی گفتوگۆ لەسەر یەک بە یەکی مادەکان کرا، دەستوورە نوێیەکە لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە بە کۆی دەنگ پەسند کرا.
 
دەستوورە نوێیەکەی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە دیباجەیەک و 134 مادە پێکدێت کە لەسەر چوار دەروازە دابەشکراون و لە مادەکانیدا باسی پرەنسیپە بنەڕەتییەکان، ماف و ئازادییەکان، سیستەمی سیاسی-کۆمەڵایەتی و حوکمە گشتییەکان کراوە.
 
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەر لە رۆژی پەسەندکردنیەوە دەست بە جێبەجێکردنی دەستوورە نوێیەکە دەکرێت.
 
دەستوورە نوێیەکە کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە گرێبەستی کۆمەڵایەتیی ناوی دەبات، لەسەر راسپاردەی کۆنگرەی خەڵکی جەزیرە و فورات کە رۆژی 25-11-2020 لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، ئامادە کراوە. لەسەر راسپاردەی کۆنگرەکە، ئەنجوومەنی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، رۆژی 14-12-2020، بڕیاریدا بەمەبەستی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی "پەیماننامەی سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر" کۆمیتەیەکی بەرفراوان لە 158 ئەندام پێکبهێنێت، دواتریش کۆمیتەیەکی بچووکتر کە لە 30 ئەندام پێکدەهات، بۆ ئەم مەبەستە دامەزرێنرا.
 
یاسر سولێمان، جێگری هاوسەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەڵێ "دەرچوونی ئەم گرێبەستە (دەستوورە) خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریادا. ئەوە رێگە دەدات کاری دەزگەیی لە هەموو ئاستەکانی کارگێڕی، خزمەتگوزاری، گەشەپێدان و سیاسەتدا بەرەوپێش بچێت."
 
هەروەها دەڵێ "گرنگترین شت لە گرێبەستەکەدا ئەوەیە؛ دەرفەتێک هەیە بۆ هەمووارکردنەوەی ئەم گرێبەستە، ئەگەر گەلی سووریا لەسەر ئەمە بگەنە رێککەوتن، بۆ ئەوەی دەستوورێکی دیموکراتیک دابمەزرێنن."