دەستەی تەحریری شام عەفرین کۆنترۆڵ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە دەستەی تەحریری شام عەفرینی کۆنترۆڵکرد. ئێستا ئەو شارە لە دەست گرووپێکدایە کە لە لیستی تیرۆری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدایە.
دەستەی تەحریری شام لەگەڵ گرووپەکانی فیرقەی هەمزە و لیوای سوڵتان سلێمان کە گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیکی تورکیان، شاری عەفرینیان کۆنترۆڵکردووە. ئەم پێشهاتە نوێیە دوای ئەوە هات چەکدارانی جەبهەی شامییە کە بەشێکی سەرەکیی فەیلەقی سێیەمە لە عەفرین، بەرەو کەفەر جەنە کشایەوە.
هاوئاهەنگیکارێکی سوپای ئازادی سووریا دەڵێت، ئامانجی سەربازی و ئابووری لە پشت رووداوەکانەوەن.
ئەبوو تەوفیق دێری، هاوئاهەنگیکاری سوپای ئازادی سووریا گوتی، "ئەمڕۆ تورکیا بەپەلە دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە دەکات، ئەوەش بە رێککەوتن لەگەڵ رووسیا، بۆ گواستنەوەی جۆلانی و هێزەکانی بۆ ناوچەکانی قەڵخانی فورات و کانیی ئاشتی بۆ ئەوەی شەڕی هەسەدە بکات، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو گرووپانە لەو ناوچانە سەرکەوتوو نەبوون لە ئەرکەکانیان."
ئەو هاوئاهەنگیکارەی سوپای ئازادی سووریا دەشڵێت، "ئەمڕۆ تورکیا هەنگاو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی سووریا دەنێت؛ سەرەتا بە گواستنەوەی جۆلانی و دواتر کردنەوەی دەرگەی بازرگانیی نەسیب بۆ بازرگانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و بەستنەوەی دەرگەی بابلهەوا بە رێگەی سەرەکیی حەلەب-شام-نەسیب".
پێش چوونە ناوەوەی چەکدارانی تەحریری شام، هەندێ لە فەرماندەکانی فەیلەقی سێیەم لە ناوەندی عەفرین هەڕەشەیان دەکرد کە شەڕ دەکەن، بەڵام بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی کە بڵاوکرانەوە، چەکدارانی فەیلەقی سێیەم بەبێ شەڕ عەفرین جێ دەهێڵن.