وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: هەسەدە وەکو هاوبەشی سەربازیی پابەند و بەتوانامان دەمێننەوە

13-08-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، وەکو هاوبەشی سەربازیی بەتوانا سەیری هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە کارکردن لەگەڵ ئەو هێزە بەردەوام دەبن تاوەکو دڵنیا دەبنەوە لەوەی داعش بەهێز نابێتەوە.

رۆژی سێشەممە 13ی ئابی 2024 گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن لەبارەی گرژییەکانی دێرەزووری سووریا دایەوە.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کارکردنیان لەگەڵ هەسەدە گوتی، "هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک هاوبەشی سەربازیی پابەند و بەتوانای ئێمە دەمێننەوە. لە کارکردن لەگەڵ هەسەدە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە داعش بەهێز نابێتەوە."

ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پابەندی حکومەتی وڵاتەکەی بە مانەوەی هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و گوتی، "پابەندین بە مانەوەی سنووردارمان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئەوەش وەک ستراتیژییەتێکی گشتگیر بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی داعش."

ئەم وەڵامە لە کاتێکدایە، رۆژی 7ـی ئەم مانگە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە چەند شوێنێکی دێرەزوور بە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە جووڵەیان کرد، بەڵام دوای شەڕێکی سەخت هەسەدە پاشەکشەی پێکردن و ناچاریکردن بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.

لەو شەڕەدا 7 کەس کوژران؛ شەڕڤانێکی هەسەدە، 3 چەکداری سەر بە حکومەتی سووریا و 3 کەسی سڤیل.

پارێزگای دێرەزوور، زۆرینە عەرەبە، دەکەوێتە سەر سنووری عێراق، بە سەرچاوەی سرووشتی دەوڵەمەندە و رووباری فورات دەیکات بە دوو بەشەوە.

تەواوی بەشی رۆژئاوا و 7 گوندی رۆژهەڵاتی فورات لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی بەشار ئەسەد و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیدان. بەشی رۆژهەڵاتیش لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە و هێزەکانی ئەمریکای لێ جێگیرن.

ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش جێگیرکراون.

لە ئەیلوولی 2023ش هێزەکانی ئەمریکا پشتیوانیی هەسەدەیان کرد لە تێکشکاندنی هێرشی هۆزە هەڵگەڕاوە عەرەبەکانی دێرەزوور.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزە ئەمنییەکان لە حمس، وێنە: ئاژانسی سانا

لە تەرتووسی سووریا 14 پۆلیس کوژران؛ 'کەوتوونەتە بۆسەی چەکدارانی رژێمی پێشوو'

وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاتیی سووریا رایگەیاند، هێزێکی پۆلیس کەوتوونەتە بۆسەی چەکدارانی سوپای پێشووی سووریا، لە ئەنجامدا 14 پۆلیس کوژراون و 10 پۆلیسی دیکەش بریندار بوون.