رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا رازی بوو تا سێ مانگی دیکە دەروازەکانی بابولسەلامە و راعی بە کراوەیی بمێننەوە بۆ ئەوەی لە تورکیاوە یارمەتییە مرۆییەکان بگەنە ئیدلب کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتی ئەمساڵەوە زیانی گەورەی بەرکەوتووە.
دوو دەروازە سنووریەکە 13ـی شوباتی ئەمساڵ بە بڕیارێکی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بۆ ماوەی سێ مانگ کرانەوە بۆ ئەوەی یارمەتی بگاتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئەنقەرە.
رۆژی شەممە، 13ـی ئایاری 2023، بەرپرسانی حکومەتی دیمەشق و نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند، حکومەتی سووریا بڕیاریداوە دەروازەکان تا مانگی ئاب بە کراوەیی بمێننەوە.
بوومەلەرزە 7.8 پلەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەرووی 50 هەزار کەس، کە سەرووی شەش هەزاریان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوون، هەروەها بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزارانی دیکە، ئەمە بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئێری کانێکۆ، گوتەبێژی نووسینگەی هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی شەممە گوتی، دوای داواکارییەکی نەتەوە یەکگرتووەکان و دانوستاندنەکان، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا بە مارتین گریفس، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاند کە حکومەتی سووریا بڕیاریداوە رێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە دوو دەروازە سنوورییەکە بەکاربێنێت بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانی.
بەسام سەباغ، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا باسی لەوە کرد، درێژکردنەوەکە لەسەر بنەمای پابەندبوونی سووریایە بۆ بەهێزکردنی "سەقامگیری و باشکردنی دۆخی و ژیان" بۆ هەموو سووریەکان. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی هەنگاوەکەیان بریتییە لە کارئاسانیکردن بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئەوانەی لە سەرانسەری سووریا پێویستیان بە یارمەتییە.
پارێزگای ئیدلبی باکووری رۆژئاوای سووریا، شوێنی ژیانی نزیکەی 4 ملیۆن کەسە، کە زۆربەیان پێشتر بەهۆی شەڕ و ململانێی 12 ساڵی رابردوو ئاوارە ببوون، شەڕێک کە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی نیو ملیۆن کەس.
دەیڤد کاردن، جێگری رێکخەری کاروباری مرۆیی هەرێمیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، لە ماوەی سەردانێکیدا پێشتر لەم مانگەدا بۆ ئیدلب، گوتی، لە دوای بوومەلەرزەکەوە، نزیکەی دوو هەزار بارهەڵگر لە تورکیاوە چوونەتە سنووری سووریا و پەناگە، خواردن پێداویستیی پزیشکی و خزمەتگوزاریەکانی دیکەیان بۆ خەڵکی سووریا دابینکردووە.
کاردن هاوکات باسی لەوە کردبوو، کارەساتە سرووشتییەکە ماڵی نزیکەی 855 هەزار کەسی وێرانکردووە یان زیانی پێگەیاندوون.
لە ساڵی 2014، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا بە کردنەوەی چوار دەروازەی سنووری بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ باکووری رۆژئاوای سووریا. لە کانوونی دووەمی 2020، رووسیای هاوپەیمانی سووریا مافی ڤیتۆی بەکارهێنا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی دەروازە کراوەکان بۆ دوو دەروازە. تەمووزی دواتر، چین و رووسیا ڤیتۆیان بەکارهێنایەوە و تەنیا دەروازەی بابولهەوا بە کراوەیی مایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ