رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی دۆخی سووریا دەڵێت، وڵاتەکە رووبەڕووی "قەیرانێکی مرۆیی بێوێنە" بووەتەوە، بە جۆرێک کە لە ساڵی 2020ـەوە لەو وڵاتە نەبووە.
مارتن گریفیس، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "16.7 ملیۆن کەس ئێستا لە سووریا پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە، کە دەکاتە نزیکەی سێ لەسەر چواری دانیشتووانی وڵاتەکە، ئەوەش بەرزترین ژمارەی دانیشتووانی سووریایە لە سەرەتای قەیرانەکەوە پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی بووبێت."
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە 90%ی سووریاییەکان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، 13 ملیۆن هاووڵاتیی سووریایش ئاوارە و کۆچبەر بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات، جەنگی غەززە کاریگەریی لەسەر دۆخی سووریاش هەبووە و لەوەتەی جەنگەکە دەستیپێکردووە، گرژییەکانی نێوان هێزە چالاکەکانی نێو سووریا زیاتر بووە. ئاماژە بەوەش دەکات، لەو کاتەوە جەنگەکە دەستی پێکردووە ئیسرائیل لانیکەم 35 هێرشی کردووەتە سەر لایەنەکانی نزیک لە ئێران لەنێو سووریادا و لایەنەکانی نزیک لە ئێرانیش زیاتر لە 100 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
گییر پیدەرسن، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا دەڵێت، "بە روونی گرژییەکانی ناوچەکە پێویستیان بە چارەسەرێکی بەپەلەیە، کە سەرەتا بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە غەززە دەستپێدەکات. پێویستمان بە کەمکردنەوەی بەپەلەی گرژییەکانی سووریایە."
لەبارەی دۆخی کامپەکانی هۆل و رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان، لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، نزیکەی 30 هەزار منداڵ هێشتا لەو کامپانەدان. ئەوەش لە کاتێکدایە رێکخراوی داعش، بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نێوەڕاستی سووریا هێرشەکانی زیاد کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ