رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا دەڵێت، تاوەکو ئەوکاتەی هەسەدە چەکیان هەڵگرتبێت، لە چوارچێوەی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا نابن و ئامانجمان لە بەستنی کۆنگرەکە پاراستنی یەکپارچەیی خاک و گەلی سووریایە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025، حەسەن دغێم، گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "تاوەکو ئەوکاتەی هەسەدە چەکیان هەڵگرتبێت لە چوارچێوەی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا نابن."
حەسەن دغێم دەڵێت، "لیژنەکە رەچاوی هەمەڕەنگی سووریا و دیالۆگی ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان دەکات، نەک نمایشی سەربازی. هیچ دەرفەتێک بۆ تائیفەگەری نییە لە کۆنگرەکەدا و ئامانجمان پاراستنی یەکپارچەیی خاک و گەلی سووریایە."
گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا دەڵێت، "کاتی کۆنگرەکە و ژمارەی بەشداربووان هەمووی جێهێڵدراوە بۆ گفتوگۆ و لە رۆژانی ئایندەدا رادەگەیێندرێت. لیژنەکە لە کۆتاییدا یاداشتی خۆی بڵاودەکاتەوە نەک بڕیار، پەیڕەوی نێوخۆی خۆیشی دەنووسێتەوە."
حەسەن دغێم ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێوەری نیشتمانی و دەستپاکی بۆ دیاریکردنی کەسایەتییەکانی کۆنگرەکە پەیڕەو دەکرێت، ئەو کەسانەی دەستیان لە کوشتوبڕی هاووڵاتییان هەبووە بەشداری لە کۆنگرەکەدا ناکەن. بنەماڵەی ئەسەدیش هیچ شوێنێکیان بۆ نییە جگە لە دادگە."
دوێنێ چوارشەممە، لیژنەیەکى حەوت کەسی بۆ ئامادەکاریى کۆنگرەى دیالۆگى نیشتمانى سووریا پێکهێندرا، بەڵام هیچ کوردێک لە لێژنەکەدا نییە.
هەمان رۆژ، فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژى ئەنجوومەنى نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "هیچکام لە ئەندامەکانى ئەو لیژنەیە کورد نین، بۆ ئەوەش گفتوگۆمان لەگەڵ دا نەکراوە."
ئەو لیژنەیە لە 11ـی شوباتى 2025 بە بڕیارى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر پێکهێنراوە، کە 7 ئەندامن؛ رۆژی چوارشەممە 12ـی شوبات، بە فەرمى بڕیارەکە بڵاوکرایەوە.
ئەندامانی لیژنەکە پێکدێن لە، حەسەن دغێم، بەڕێوەبەری بەشی مەعنەوی سوپای نیشتمانی؛ ماهر عەلووش، نووسەر و توێژەر نزیک لە دەستەی تەحریری شام؛ محەممەد مەستت، بەڕێوەبەری چاودێری تەندروستی؛ مستەفا موسا، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا لە دەستەی تەحریر شام؛ یوسف هەجر، بەڕێوەبەری مەکتەبی سیاسی لە دەستەی تەحریر شام؛ هیند قبوات، سەرۆکی رێکخراوی تایبەتمەند بە فێرکاری ئافرەتان و هودا ئەتاسی، بەڕێوەبەری هەرێمی لە دەستەی بەهاناوەچوونی مرۆیی نێودەوڵەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ