87 دادوەرى سووریا رەوانەى لێکۆڵینەوە دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دادى حکومەتى راگوزەرى سووریا 87 دادوەرى دادگەى بنبڕکردنى تیرۆرى رەوانەى لێکۆڵینەوە کرد بەهۆی ئەو رەفتارانەى، لەماوەى دامەزراندنى ئەو دادگەیە دا کردوویانە.
ئەو بڕیارە، چوارشەممە (12ـی شوباتى 2025) لەلایەن شادى وەیسى، وەزیرى دادى سووریا دەرکراوە و لە هاوپێچى بڕیارەکەدا ناوى 87 دادوەرەکە بڵاوکراوەتەوە، کە رەوانەى لێکۆڵینەوە کراون.
بەگوێرەى بڕیارەکە، ئەو دادوەرانە کە لە دادگەى بنبڕکردنى تیرۆر کاریان کردووە، رەوانەى فەرمانگەى پشکنەرى دادوەرى کراون بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دا بکرێت، دواتر راپۆرتێک لەبارەى سەرپێچییە پیشەیی و یاساییەکانیان بۆ ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى بەرزدەکرێتەوە.
دادگەى بنبڕکردنى تیرۆر لە ساڵى 2013 لە سەروبەندی شۆڕشی سووریا دامەزراوە بۆ دادگاییکردنى کەسانى مەدەنى و سەربازی و، دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، کارەکانی راگیرا.
ئەو دادوەرانەى لەو لیستەدا ناویان هاتووە؛ لە بەشەکانى داواکارى گشتى، دادگەى تاوانەکان، تانە و لێکۆڵینەوە کاریان کردووە.