رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمریکا رێگە نادات رووسیا لە هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام بێت.
رۆژی سێشەممە 13ی شوباتی 2024، سێزدەیەمین کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە یانەی ڤاڵدای رووسیا، کە پەیمانگەیەکی توێژینەوەی رووسییە و ئۆفیسەکەی لە مۆسکۆیە، دەستی پێکرد. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە پانێڵێکدا بەشداربوو.
ئاوەدانکردنەوەی سووریا
وەزیری دەرەوەی رووسیا لەبارەی هەوڵە سیاسییەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سووریا قسەی کرد و گوتی، گفتوگۆکانی ئاستانە تاکە رێگەن بۆ ئەوەی قەیرانی سووریای پێ چارەسەر بکرێت.
مەبەست لە گفتوگۆکانی ئاستانە، ئەو کۆبوونەوان لە ساڵی 2015وە بەڕێوەدەچن و رووسیا، ئێران و تورکیاش وەک سێ وڵاتی گەرەنتیکار تێیاندا بەشدارن.
لاڤرۆڤ گوتی، "لە کۆتایی مانگی رابردوودا 21ـەمین گەڕی ئەستانا بەڕێوەچوو. سێ وڵاتی گەرەنتیکار کە رووسیا، ئێران و تورکیان لەگەڵ وڵاتانی چاودێری وەکو عێراق، لوبنان و ئوردن ئامادەی گفتوگۆکان بوون. ستایشی هەوڵەکانی ئەو وڵاتانە دەکەین بۆ یەکخستنی هەوڵەکانمان".
لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا دوای 13 ساڵ لە جەنگ و وێرانکاری، لاڤرۆڤ گوتی، "لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە کارکردنداین و هانیان دەدەین بەشدارییەکی بەرچاوتریان لە بونیاتنانەوەی کۆماری عەرەبی سووریادا هەبێت، ئەوەش دوای گەڕاندنەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی".
شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و لە ئەنجامی شەڕی نێوان هێزەکانی حکومەت و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی، بەشی زۆری چەندین شار و شارۆچکە وێران بوون. بەشێک لە هەڵسەنگاندنەکان بەو جۆرەن، ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە پێویستی بە نزیکەی 400 ملیار دۆلارە.
جەنگی غەززە و کاریگەرییەکەی لەسەر ناوچەکە
دواتر لاڤرۆڤ چووە سەر کاریگەرییەکانی جەنگی چوار مانگی غەززە و رایگەیاند، ئەمریکا خەریکە هەموو ناوچەکە پەلکێشی قەیرانێکی گەورە دەکات.
وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، "روونە کە دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە کارەساتبارییە بدۆزینەوە. ئەمریکای هاوکاریشمان خەریکە فەلەستین و ئیسرائیل و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو کارەساتێکی گەورەتر دەبات".
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، مۆسکۆ نیگەرانە لە "هەوڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە" و ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن و هاوپەیمانەکانی خەریکی زیانگەیاندنن بە هەوڵەکانی رووسیا بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە لە یەمەن، لوبنان، عێراق و سووریا بەدیکراوە و لاڤرۆڤیش هۆشداری دەدات لە زیادبوونی ئەو ناکۆکییە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، "دەبینین گرژییەکان لە غەززە باڵی کێشاوە بۆ ناوچەکانی دیکە، وەکو کەرتی رۆژئاوا، سووریا و عێراق. دەبینین ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هێرشی درۆنی روودەدەن، لەنێویشیان بە ئامانجکردنی بنکەکانی ئەمریکا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ