رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەروازەی سنووریی بابلهەوا لە باکووری رۆژئاوای سووریا دەڵێت، تاوەکو ئێستا 58 بارهەڵگر هاریکاری لە رێگەی دەروازەکەیانەوە گەیێندراوەتەوە ناوچە زیان لێکەوتووەکانی سووریا و دەشڵێت: "1250 تەرم لە تورکیاوە گەڕێندراونەتەوە سووریا کە بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەستدابوو."
مازن عەلووش، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی سنووری بابلهەوا لە باکووری رۆژئاوای سووریا رۆژی دووشەممە بە رادیۆی رووداوی گوت، دەروازەی بابلهەوا کراوەیە بەڕووی هاوکارییە مرۆییەکاندا و تاوەکو ئێستا 58 بارهەڵگر هاریکاری گەیشتوون بە ناوچە زیان لێکەوتووەکان.
مازن عەلووش گوتیشی، جگە لە هاریکارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەو رێکخراوە مرۆییە خێرخوازییانەی لەنێو تورکیاوە دەگەن، سعودیە هاریکاری ناردووە و "هاوکات چاوەڕوانین هاوکاری لە قەتەرەوە بگاتە دەروازەی بابلهەوا بۆ ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان."
گوتەبێژی دەروازەی سنووریی بابلهەوا گوتیشی، ئەو هاریکارییانەی گەیشتوون بە ناوچە زیان لێکەوتووەکان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، خۆراک و گەرمکەرەوە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بوون.
لەبارەی هاوکاریی وڵاتان بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، گوتەبێژی دەروازەی بابلهەوا دەڵێت، "سوپاسی برایانمان لە کوردستانی عێراق دەکەین کە لە رێگەی دەروازەی باب سەلامەوە هاوکاری و هاریکارییان گەیاندە ناوچەکەمان، بەڵام زۆرێک لە وڵاتان لە رێگەی رژێمی ئەسەدەوە دەیانەوێت هاریکارییەکان بنێرن و ئێمەش قبووڵی ناکەین و وەریناگرین."
مازن عەلووش گوتیشی: "تاوەکو ئێستا 1250 تەرم لە تورکیاوە گەڕێندراونەتەوە سووریا؛ هەموویان خەڵکی سووریا بوون. ئەوانەی تەرمەکانیان دەناسرێتەوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ