تەندروستیی جیهانی: 8.5 هەزار کەس لە سووریا گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ

گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتەوە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا 8 هەزار و 500  کەسی تێپەڕاند، ئەوە بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی. 
 
رێک برێنن، بەڕێوەبەری نووسینگەی باری لەناکاوی تەندروستیی جیهانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە حەلەبی سووریاوە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لانیکەم 8 هەزار و 500 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە. 
 
برێنن گوتی، نزیکەی چوار هەزار کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، لەو ناوچانەدان کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادان و چوار هەزار و 500 کەسی دیکەش لە ناوچەکانی دیکەن کە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەستی ئۆپۆزیسیۆن و گرووپە چەکدارەکان دەگرێتەوە. 
 
ئەو بوومەلەرزەیەی رۆژی 6ـی شوبات لە مەرەشی باکووری کوردستان روویدا و ناوچەکەی گرتەوە، بووەتە هۆی رووخانی تەواوەتیی 550 باڵەخانە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، هەزار و 570 باڵەخانەی دیکەش زیانی زۆریان بەرکەوتووە. 
 
هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان زیانی زۆری بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بەرکەوتووە، بەجۆرێک تاوەکو ئێستا لانیکەم هەزار و 12 کەس گیانیان لەدەستداوە، 278 باڵەخانە بە تەواوەتی رووخاون، هەزار و 110 باڵەخانەی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە و لانیکەم هەزار و 391 خێزانیش ناچاربوون ماڵەکانیان جێبێڵن. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی بێ ماڵوحاڵبوونی 5.5 ملیۆن کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.