نەتەوەیەکگرتووەکان: لە شاری جەبلەی سووریا 30 باڵەخانە تەختی زەوی بوون
رووداو دیجیتاڵ
تیمێکی 42 کەسی ئیماراتی، بە سەگی پۆلیسی و کامێرای تایبەتەوە خەریکی گەڕانن بەشوێن قوربانییان لە شاری جەبلەی رۆژئاوای سووریا، شارێک کە بوومەلەرزە 30 باڵەخانەی تەختی زەوی کردووە.
بەرپرسی بەرگریی شارستانی شارەکە گازندەی ئەوە دەکات لە چەند رۆژی رابردوودا، کەرەستەی پێویستیان بۆر زگارکردنی خەڵک لەبەردەستدا نەبووە.
ئاڵا موبارەک، بەرپرسی بەرگری شارستانی شاری جەبلە دەڵێ "لە 12 بۆ 13 ساڵی رابردوودا هیچ کەرەستەیەکمان بۆ بەرگریی شارستانی پێ نەگەیشتووە. تەنانەت لایتێکیشمان پێنەگەیشتووە. هیچمان نییە، ئەگەر ئامێرێکمان هەبووایە، ژیانی سەتان کەسمان رزگار دەکرد".
تیمێکی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەوێن و بە هاوبەشی لەگەڵ تیمە ئیماراتییەکە هەوڵی دەرهێنانی تەرم دەدەن، هیواخوازیشن کەسی زیندوو لەژێر داروپەردوودا هەبن.
لە پێنج باڵەخانەی بچووک لەو شارە کە 52 کەس تێیاندا دەژیان، تەنیا 14 کەسیان بە زیندوویی رزگار کراون.
محەممەد حەمادی، رزگاربوویەکی بوومەلەرزە لە شاری جەبلە دەڵێ "شەو خەوتبووم، کاژیر چوار هەستم بە لەرینەوە کرد. هەموومان خەوتبووین، دایک و باوک و براکەم لە تەنیشتم خەوتبوون. لە پڕ، بنمیچەکە کەوت بەسەرماندا، من بە تەواوی کەوتمە ژێر داروپەردووەوە. چەند گەنجێک خوا بیانپارێزیت هاتن و دەریان هێنام".
ناوەندی سەتەلایتی نەتەوە یەکگرتووەکان وێنەی سەتەلایتی شارەکەی لە 13 کیلۆمەتر دووجادا بڵاوکردەوە، تێیدا دەردەکەوێت کە 30 باڵەخانە تەختی زەوی بوون و 75 باڵەخانەش زیانیان بەرکەوتووە.
بوومەلەرزە بەهێزەکانی رۆژی دووشەممەی رابردوو (6-2-2023) کە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر روویاندا، ناوەندەکەی شاری مەرەشی باکووری کوردستان بوو، بەڵام بەهێزیی بوومەلەرزەکە زیانی گیانی و مادیی زۆری لە رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریاش هەبووە، کە بەهۆیانەوە تائێستا زیاتر لە 30 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. تەنیا لەو شارەشدا، نزیکەی پێنج هەزار کەس دەربەدەر بوون.