رووداو دیجیتاڵ
سەرهان عیسا بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا بە رووداوی راگەیاند، کە ئیدارەی نوێی سووریا بەڵێنیان پێداون، لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیدا بەشداری بکەن.
سەرهان عیسا لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نوورۆژی رووداو دا رایگەیاند، لە دیمەشق و حەلەب لەگەڵ بەشە سیاسی و سەربازییەکان لە ئیدارەی ئێستای سووریا کۆبوونەوە و داوایان لێکردوون ئێزدییەکان بپارێزرێن و لە دەستووردا دانپێدانان بە ئایینی ئێزدی دا بکرێت.
سەرهان عیسا سەبارەت بە وەڵامی بەشە سیاسی و سەربازییەکان لەسەر داواکارییەکانیان گوتی: "لەسەر خاڵی دانپێدانان بە ئایینی ئێزدی لە دەستووردا ترسێکیان هەبوو و وەڵامیان ئەوە بوو کە بۆ کاتی دەستوور ئەم خاڵە جێبهێڵن، بەڵام بەگشتی بەڵێنیان دا کۆمەڵگای ئێزدی پارێزراو بێت".
دوای ئەوەی حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 کەوت، ئەمە یەکەم سەردانی شاندێکی کوردی ئێزدییە بۆ دیمەشق کە بەپێی ئامارەکان نزیکەی 200 هەزار کوردی ئێزدی لە سووریا هەن، بەڵام بەشێکی زۆریان بەهۆی شەڕی 13 ساڵەوە کۆچبەر و پەنابەر بوون.
بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئێزدییانی سووریا گوتی کە لە ماوەیەکی نزیکدا جارێکی دیکە سەردانی سووریا دەکەنەوە و بەڕێوەبەرایەتی نوێی سووریا بەڵێنیان پێداون، کە لە کۆنگرەی نیشتمانی سووریا دا بەشداربن.
سەرهان عیسا گوتی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی سووریا کۆبوونەتەوە لەوانەش پێکهاتەی درووزی، عەلەوی، کریستیان و هەندێک لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەوان و پێکهاتەی کریستیان واژۆ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ