بەشار ئەسەد چۆن رایکرد؟ نهێنییەکان ئاشکرا دەبن
رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار رۆژ، زانیاریی نوێ لەبارەی هەڵاتنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا ئاشکرا دەبێت، "رووسیا بە بەشار ئەسەدی گوت شەڕەکەی دۆڕاندووە و رێڕەوێکی سەلامەت بۆ هەڵاتن بدۆزێتەوە".
بە پشتبەستن بە قسەی سێ سەرچاوە، پێگەی بلوومبێرگی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لەگەڵ پێشڕەویی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و نزیکبوونەوەیان لە دیمەشق، رووسیا بە بەشار ئەسەدی راگەیاند کە ئیدی شەڕەکەی دۆڕاندووە و پێشنیازی بۆ کرد رێڕەوێکی سەلامەت بکاتەوە تاوەکو خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی بە زووترین کات سووریا جێبێڵن.
سەرچاوەکان هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا داوای روونکردنەوەی لە هەواڵگریی وڵاتەکەی کردووە کە بۆچی زوو درکیان بەو مەترسییە نەکردووە کە لەسەر فەرمانڕەوایی ئەسەد هەبووە، تا ئەو کاتەی کار لە کار ترازاوە.
دوو سەرچاوە دەڵێن، هەواڵگریی رووسیا رێگەیان بۆ ئەسەد کردەوە تاوەکو هەڵبێت. هێزێکی سەر بە هەواڵگریی رووسیا بە فڕۆکە ئەسەدی لە بنکەی ئاسمانیی هێزەکانی رووسیا لە لازقییەوە گواستووەتەوە بۆ مۆسکۆ. هەروەها ئامێری ناردن و وەرگرتنی ئاماژەی فڕۆکەکەیان کوژاندبووەوە بۆ ئەوەی نەزانرێت فڕۆکەکەی بە کوێدا دەڕوات.
چەند کاژێرێک دوای هەڵاتنی ئەسەد، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە چەکدارەکانی دیکە چوونە نێو دیمەشق؛ بێ ئەوەی سوپای سووریا رووبەڕوویان بێتەوە. هەر ئەو کاتە رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.
رووسیا رۆڵێکی سەرەکی لە پشتیوانیکردنی رژێمی ئەسەد دا بینی و سەرەتا ژمارەیەک پێگەی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆردوومانکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی سوپای ئەسەد خۆی لە بەرامبەر هێرشی ئۆپۆزیسیۆن رانەگرت، بە تایبەتیش دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب و حەما، رووسیا گەیشتە ئەو بڕوایەی "ناتوانێت رژێمی ئەسەد بپارێزێت، لە کاتێکدا گرووپە چەکدارەکان لە حیمس نزیکدەبوونەوە".
دووشەممەی رابردوو، رووسیا رایگەیاند، پووتین بڕیاریداوە مافی پەنابەری بە بەشار ئەسەد بدات.
میدیای رووسیا بەشار ئەسەد بە بەپرس لە رووخانی رژێمەکەی دەزانێت، لە هەمان کاتدا باس لەوە دەکات، کە مۆسکۆ بەڵێنی خۆی بۆ وازنەهێنان لە ئەسەد بردە سەر.