وڵاتانی جی7: جەخت لە لێپرسینەوە لە رژێمی ئەسەد دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی وڵاتانی جی7 رایدەگەیێنێت، پاڵپشتی لە گواستنەوەی دەسەڵاتی سووریا بۆ حکومەتێکی بێلایەن دەکەن و جەختیش لە "لێپرسینەوە لە رژێمی ئەسەد دەکەنەوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرکردەکانی وڵاتانی گرووپی حەوت راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئامادەین بۆ پاڵپشتیکردن لە گواستنەوەی دەسەڵات کە ببێتە هۆی دروستبوونی حکومەتێکی بێلایەن، رێز لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ بگرێت، لەنێویشیاندا مافەکانی ژنان، پاراستنی هەموو سووریاییەکان و لەنێویاندا کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان".
سەرکردەکانی جی7 هەروەها دەڵێن، "لە دوای دەیان ساڵ تاوانکاریی رژێمی ئەسەد، ئێمە لە پشت خەڵکی سووریا دەوەستینەوە و بەتەواویی پشتیوانی حکومەتی داهاتووی سووریا دەکەین ئەگەر ئەو ستانداردانە [پاراستنی مافەکانی مرۆڤ] جێبەجێ بکات".
سەرکردەکانی گرووپی حەوت داوا لە حکومەتی راگوزەری سوریاش دەکەن، خۆیان لە رووخاندنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە دوور بگرن و هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی سەلامەتی ئەو کەسانە بدەن کە ناچار کراون وڵاتەکە جێبهێڵن.
رۆژی 8-12-2024، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەستیان بەسەر شاری دیمەشقدا گرت و رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند.
بەشار ئەسەد لە وڵاتەکە هەڵات و لە لایەن رووسیاوە مافی مانەوەی پێدەدرێت.