بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڕیاری دا 'ئاڵای نوێی سووریا' لەسەر دامودەزگەکانی هەڵبکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی گەلانی دیموکرات لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بڕیاری دا ئاڵای نوێی سووریا لەسەر تەواوی دامودەزگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڵبکرێت
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 12-12-2024) ئەنجوومەنی گەلانی دیموکرات لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی لە هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە راگەیێنداوێکدا بڵاویکردەوە، "بە بۆنەی کۆتاییهاتنی سەردەمی داپلۆسین و دەستگرتن بە دەسەڵات و سەپاندنی سیستمی سووری بەسەر گەلی سووریا بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە، لەو ماوەیەدا سووریاییەکان بەدەست ستەم و پەراوێزخستن و فەرامۆشکردن ناڵاندوویانە، سووریاییەکان مافی خۆیانە ئاهەنگ بگێڕن، بەبۆنەی سەرکەوتنی ئیردەیان لەکەوتنی ئەو رژێمە ستەمکارە."
ئەنجوومەنیی گەلانی دیموکرات لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت "لە سۆنگەی وەرچەرخانی مێژوویی دا، ئاڵای سەربەخۆیی بە هەرسێ رەنگی: سەوز، سپیی، رەش و سێ ئەستێرەی سوور، سیمبوولی قۆناخی نوێیە و گوزارشت لە خواستی گەلی سووریا دەکات بەرەو ئازادی، شکۆ و یەکێتیی نیشتمانیی."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیی لە هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، وەک بەشێکی دانەبڕاوی جوگرافیای سووریا، کە دانیشتووانەکەی لە پێکهاتە رەسەنەکانی سووریان، ئەنجوومەنی گەلانی دیموکراتی بڕیاری دا ئاڵای سووریا لەسەر هەموو ئەنجوومەن، دامەزراوە، ئیدارە، جومگەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمەکەی دا هەڵبکرێت."
ئەنجوومەنی گەلانی دیموکرات جەخت لەوە دەکاتەوە؛ پابەندە بە نوێنەرایەتیکردنی گەلی سووریا و هەموو پێکهاتەکانەوە، کار بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی دەکات لە چوارچێوەی سووریای دیموکراتی و بنیادنراو لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانیی نێوان هەموو پێکهاتەکان.
ئەنجوومەنی گەلانی دیموکرات، هاوشێوەی پەرلەمانە و بە دەسەڵاتی یاسادانان دادەنرێت، بڕیار و یاسا بۆ ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەردەکات.