گەشەپێدانی مافى مرۆڤ لە سووریا: 800 کچ و ژنى ئێزدى لە زیندانەکانی جەبهەتولنوسرە دان

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرى رێکخراوى گەشەپێدانى مافى مرۆڤ لە سووریا رایگەیاند، جەبهەتولنوسرە (دەستەی تەحریری شامی ئێستا) زیندانێکى هەیە، کە تاوەکو ئێستاش هەر ماوە و نزیکەى 800 کچ و ژنى ئێزدیی تێدایە، جگە لەوە گومان دەکرێت پێشمەرگە بێسەروشوێنەکانیش هەر لەو زیندانەدا بن.
 
پارێزەرێکى خۆبەخشی کەیسى پێشمەرگە بێسەروشوێنەکانیش دەڵێت 'زانیاریمان هەبوو تاوەکو ساڵی 2018، پێشمەرگەکانى دەستی داعش 58 کەسیان لە سووریا دەستگیرکرابوون و زیندووبوون." 
 
ئاراز جەلال، نوێنەرى رێکخراوى گەشەپێدانى مافى مرۆڤ کە کوردى رۆژئاوای کوردستانە، چەندین ساڵە بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنەکانى سووریا دەکات. لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستى بەکاتى دهۆک رایگەیاند ''دواى نەمانى دەسەڵاتى داعش لە عێراق، داعش پێشمەرگە دیلەکانی، کە نزیکەی 60 پێشمەرگە بوون لەگەڵ خۆی بردنە سووریا لە دێرەزوور و بووکەمال."
 
هەروەها گوتی "لەکاتى هێرشى حکومەتى سووریا بۆ سەر داعش لە ناوچەکانى دێرەزوور و بووکەمال، زانیاریمان هەبوو 100٪ پێشمەرگەکان زیندوون، بۆیە یان لە زیندانەکانى حکومەتى سووریا بوون لە دیمەشق و حومس، یان داعش رادەستی هێزەکانى جەبهەتولنوسرەی کردبوون. داعش نەیدەویست بیانکوژن، چونکە زۆر پێویستیان بوو لەگەڵ دیلەکانى خۆیان بیانگۆڕنەوە."
 
ئەو بەرپرسەى مافى مرۆڤ لە سووریا، زانیاریی نوێ لەسەر زیندانێکى جەبهەتولنوسرە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "جەبهەتولنوسرە کە ئێستا بووەتە دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) زیندانێکی هەیە، ئێستاش هەر ماویەتی؛ زانیاریمان هەیە 800 کچ و ژنى ئێزدى کە پێشتر کەوتبوونە دەستى داعش، ئێستا لەو زیندانەدان، لەوانەیە پێشمەرگە بێسەروشوێنەکانیش هەر لەو زیندانەدا بن."
 
لە 8-12-2024 دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا رووخێنرا و دەرگەی زۆربەى زیندانەکان کرانەوە، بەسەتان ناو و وێنەی زیندانییەکان لە تۆڕە کومەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، ئەمەش هیوایەکی بۆ کەسوکارى بێسەروشوێنەکانى هەرێمى کوردستان گەڕاندەوە.
 
ئاراز جەلال، ئامارى ئەو زیندانییانەی کە لە سووریا ئازادکراون، ئاشکراکرد و رایگەیاند، "بەپێی زانیارییەکانى ئێمە؛ نزیکەى 60 هەزار زیندانى لە زیندانەکانى سووریا ئازادکراون، بەڵام هێشتا ماون و سەتان زیندانیی دیکە هێشتا ئازاد نەکراون." 
 
هاوژینی پێشمەرگەیێکی بێسەروشوێنبوو: دوای رووداوەکانی سووریا، خەو نەچووەتە چاوەکانمان 
 
گوڵبەهار ئەحمەد، هاوژینی یەکێک لە پێشمەرگە بێسەروشوێنەکانە بە ناوى باپیر عیسا، بە چاوى پڕ لە فرمێسکەوە چیرۆکى بێسەروشوێنبوونى هاوژینەکەى خۆى دەگێڕێتەوە و، دەڵێت "لە ئابى 2014، هاوژینەکەم لە نزیک موسڵ کەوتە دەستى داعش، دواى چەند مانگێک، چەند وێنە و ڤیدیۆى زیندانییەکانى داعش بڵاوبوونەوە، هاوژینەکەشم لەنێو زیندانییەکان دا بوو، بەڵام تائێستا هیچ زیانیارییەکمان لەبارەی چارەنووسییەوە دەستنەکەوتووە."
 
هاوژینی پێشمەرگە بێسەروشوێنبووەکە باسی ئەوە دەکات دواى رووداوەکانى سووریا و بڵاوبوونەوەى ناو و ڤیدیۆى زیندانییەکانى سووریا "خەو نەچووەتە چاومان، بەردەوام سەیرى ناو و وێنەکان دەکەین. من، تەنیا دوو منداڵم هەن، کە ئەوکاتە تەمەنیان 6 و 8 ساڵان بوون، ئێستا گەورەبوون و هەر پرسیار دەکەن 'کەى باوکمان دەگەڕێتەوە؟' هێشتا جلوبەرگەکانى هەموو لاى ئێمە ماون و هەر چاوەڕێین دەرگا بکاتەوە و بێتەژوورەوە."
 
پارێزەرێکی خۆبەخشی پێشمەرگە بێسەروشووێنەکان: ناوی دوو لە پێشمەرگەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە
 
نێچیرڤان مووسا لە ساڵی 2018ـەوە  وەکو پارێزەرى خۆبەخشى پێشمەرگە بێسەروشووێنەکان بەدواداچوون بۆ کەیسەکانیان دەکات.
 
ئەو، بە رووداوی راگەیاند "تائێستا کەیسى 58 پێشمەرگە لای ئێمە تۆمارکراون، کە هەموویان بێسەرووشوێنن. زانیاریی 100٪ هەبوو کە تاوەکو 2018 زیندوو بوون و لە عێراقەوە رەوانەى سووریا کرابوون، دوای کردنەوەى دەرگەى زیندانەکانى سووریا، تائێستا تەنیا ناوى دوو لەو پێشمەرگانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە."
 
بەڵام وەکو "زانیارى 100٪" پارێزەرەکە دڵنیا نییە و دەڵێ "زانیاریی 100٪ نییە.'' بۆیە داوا لە بەرپرسانى مافى مرۆڤ دەکات، "هاوکاربن بۆ ئاشکراکردنى شوێنی ئەو پێشمەرگانە کە زیاتر لە 10 ساڵە بێسەرووشوێنن."