رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە رێڤەبەری خۆسەر بە رووداوی راگەیاند، مەزڵووم عەبدی نەچووەتە دیمەشق، ئەو هەواڵانەی لەم بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستی.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، هەواڵی سەردانی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ دیمەشق بڵاوکرایەوە. بەڵام سەرچاوەیەک لە رێڤەبەری خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، مەزڵووم عەبدی نەچووەتە دیمەشق. ئەو هەواڵانەی لەم بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە راستی.
سەرچاوەکە بە رووداوی راگەیاند، هەرچەندە هەواڵی چوونی مەزڵووم عەبدی بۆ دیمەشق راست نییە، بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکرات و رێڤەبەری خۆسەر کراوەن بۆ هەر گفتوگۆ و دیالۆگێک بەرژەوەندیی وڵات بپارێزێت.
جەخت لەوەش کراوەتەوە، "ئەگەر بانگهێشتی دیمەشق بکرێن، پێویستە بزانین گفتوگۆ لەسەر چی دەکەین؟".
ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ لە میدیا بڵاوکرایەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سووریا کۆبوونەتەوە. بەڵام سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە رێگەی میدیا و ئاژانسی فەرمیی خۆیەوە رایگەیاند، هاکان فیدان لەگەڵ ئەردۆغان، لە ئەنقەرە پێشوازییان لە ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا و شاندی یاوەری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ