رووداو دیجیتاڵ
لە بەنداوی تشرین لە سنووری نێوان کۆبانێ و منبج، شەڕ لەنێوان هەسەدە و چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریای ئۆپۆزیسیۆن بەردەوامە. سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: "هێزێکی ئەمریکی چوونەتە ناوچەکە بۆ راگرتنی شەڕ"، بەڵام عەلی دەمیر، بەڕێوەبەری بەنداوی تشرین دەڵێت: "هیچ ئاگایەکمان لە دۆخی بەنداوەکە نەماوە و نەشم بیستووە هێزی ئەمریکی چووبنە ئەوێ".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12.12.2024، رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بەنداوی تشرین شەڕ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و چەکدارەکانی سوپای نیشتمانی سووریای ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەردەوامە، "هێزێکی ئەمریکی چوونەتە شوێنەکە بە مەبەستی راگرتنی شەڕ."
رامی عەبدولڕەحمان گوتی: "لە لایەکی دیکە هێزەکانی ئەمریکا چوونەتە نێو شاری رەققە بۆ ئەوەی رێگە لە سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزی بگرن". بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تانکی سوپای ئەمریکا چوونەتە ناوەندی شارەکە و فڕۆکەش بە ئاسمانیدا دەسووڕێنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە ژووری ئۆپەراسیۆنی فەجر حوڕییەی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا، رایگەیاندوو، "رێککەوتنمان لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە لە ناوچەکانی منبج و دەوروبەری کردووە، ئەوەش لەپێناو جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنە مرۆیی و ئەمنییەکان".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "رێککەوتن بۆ ئاگربەست لە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەم کاژێر 05:00ـی ئێوارە بەکاتی دیمەشق دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی دووشەممە، 16ـی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت". بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم راگەیێندراوە لە پێگەی فەرمیی خۆیان پشتڕاست نەکراوەتەوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ رووداوی ناردووە، دەردەکەوێت کە دوو کچە شەڕڤانی هەسەدە بە برینداری لەلایەن چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریای ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە دەستگیرکراون. رامی عەبدولڕەحمان گوتی: "ئەو شەڕڤانانە لە نزیک بەنداوی تشرین دەستگیرکراون."
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە. سێ رۆژە گرووپە چەکدارەکان هێرش دەکەنە سەر ئەو بەنداوە و فڕۆکەکانی تورکیاش بۆردوومانی سنوورەکە دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەڕێکی قورس لە بەنداوی تشرین لە ئاسمان و زەوییەوە هەیە، هێزەکانی هەسەدە لەوێن، سەرەڕای ئەوەی ئاگربەست راگەیێندرا، بەڵام شەڕ بەردەوامە".
بەنداوی تشرین چوار تۆڕباینی ئاوی هەیە، یەکێکیان کێشەی بۆ دروستبووە و ئێستا ئاو چووەتە هەموویانەوە. ئەو سەرچاوەیە گوتی، "مەترسی لەکارکەوتنیان لەسەرە و پێویستیان بەوەیە ئاگایان لێی بێت".
لە خوارووی بەنداوەکەوە ژمارەیەک گوند هەن، واتە لە رووی رۆژهەڵات و رۆژئاوای فورات، "مەترسییان لەسەرە و لە ئەگەری هەر رووداوێکدا رەنگە ژێرئاو بکەون".
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، "ئەگەر بەنداوەکە نەشتەقێ، لە ئەگەری سەرڕێژبوونیدا، هەر مەترسییە بۆ سەر ئەو گوندانە".
هاوکات، وەلات دەروێش، بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتیی بەنداوەکانی فورات لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، لە کاژێر 2:00ی دوای نیوەڕۆوە شەڕ دەستیپێکردووەتەوە و پەیوەندی لەگەڵ کارمەندانی بەنداوەکە پچڕاوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکانی فورات بە رووداوی گوت، "لە کۆی 270 فەرمانبەری بەنداوەکە تەنیا 6 کارمەند لە ئەرکدان".
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت، "پێکدادان لە نزیک بەنداوەکە بەردەوامە، ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، دوورنییە کارەساتی مرۆیی رووبدات کە کاریگەری لەسەر عێراقیش دەبێت".
دوێنێ چوارشەممە، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی گوت، بەهۆی بوردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین، ماوەی دوو رۆژە کارەبای کۆبانێ بڕاوە.
عەدنان بۆزان، لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند گرووپە چەکدارەکان "تاوەکو سنووری رووباری فورات هاتوون، بەڵام تێنەپەڕیون".
عەدنان بۆزان گوتی، "بەهۆی بۆردوومانی تورکیا، زیان بە بەنداوی تشرین گەیشتووە، ماوەی دوو شەوە کارەبای کۆبانێ بڕاوە و خەڵک لە رێگەی موەلیدەوە کارەبا دابین دەکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ