جۆلانى: سووریامان لە دابەشبوون پاراست
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام رایگەیاند، بە شەڕى رووخاندنى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، سووریا و ناوچەکەیان لە "مەترسیى ستراتیژى" رزگار کردووە، کە بە گوتەی ئەو ''سووریاى بەرەو دابەشبوون دەبرد.''
ئەبوو محەممەد جۆلانى (ئەحمەد شەرع) فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) رایگەیاند "گەورەترین پێکهاتەى سووریا، خەریک بوو دەبووە کەمینە لە هەموو ئەو شوێنانەى دابەش دەکران، ئەوەی کە کۆچى دەکرد، دەبووە کۆچى تاهەتایی، لەو تاوانە گەورەتر نییە کە خەڵک لە ماڵى خۆى دەربکەیت."
فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام، سەردانی مزگەوتى شافعى لە دیمەشقى پایتەختى سووریا کرد، کە 21 ساڵ لەمەوبەر وانەی تێدا خوێندبوو، لەوێ گوتارێکی پێشکەش کرد.
جۆلانى گوتى "راستە ئێوە جەنگەکەتان وا بینى کە ئاسان بوو، بەڵام ئامادەکاریی زۆرى بۆ کراوە، ئێمە زۆر لە دووژمن بێهێزتر بووین، بەڵام ئەو چەکانەى شەڕمان پێکردن، دروستکراوى نێوخۆیی بوون و بە عارەقى ناوچەوانمان دروستمان کردن، تەنانەت ئەو پارەیەى خەرجمان کرد، عارەقەى ناوچەوانمان بوو."
25ـی تشرینى دووەمى 2024 گرووپە چەکدارەکانى سەر بە دەستەى تەحریرى شام هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى پێشووى سووریا دەستپێکرد؛ 8ـی کانوونى یەکەم، دیمەشقى پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد.
فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام گوتى "دەوڵەتێکى پاڵپشتیکارمان نەبوو، کەس رێنوێنى نەکردین و کەسیش هانى نەداین بۆ ئەم شەڕە، ئەوەى روویدا، وشەى شەڕ کەمە بۆى."
دەقی قسەکانی محەممەد جۆلانی لە مزگەوتی شافیعی:
هیچ ئیمپراتۆرییەک نییە خاکی شامی داگیرکردبێت و لێی دەرنەچووبێت کە ئیمپراتۆرییەکەی لەنێونەچووبێت. برایان ئەم شەڕە، راستە ئێوە بە ئاسانی سەیری دەکەن، بەڵام ماوەیەکی زۆر ئامادەکاریی بۆ کراوە، سوپاس بۆ خودای گەورە و باڵادەست کە منەتباری خۆی کردین. ئێمە زۆر لە دووژمن لاوازتربووین، بەڵام ئەو چەکەی شەڕمان پێکرد دروستکراوی ناوخۆیی بوو، هەوڵێکی زۆرمان دا تاوەکو ئەو چەکە بە ئارەقەی نێوچاوانمان دەستبەخەین، تەنانەت ئەو پارەیەی خەرجمان کرد، بە ئارەقەی خۆمان بووە. هیچ وڵاتێک پشتیوانی نەکردووین، رێنمایی و ئاراستەیەک نەبووە بۆ پشتیوانیکردنمان، هیچ کەسێک بۆ ئەو شەڕە هانی نەداوین؛ چونکە بە لێکدانەوە ئاساییەکە لە شەڕەکەدا، ئێمە دۆڕاوین؛ بەڵام بە گەورەیی و چاکەی خودای گەورە، هەموومان متمانەمان بەخۆمان بوو، کە سەردەکەوین.
خودای گەورە چاکەی لەگەڵ کردووین و پاداشتی داینەوە. برایان ئەو شەڕە مێژوو تۆماری دەکات، ئەوەی روویداوە بەکارهێنانی وشەی شەڕ، زۆر کەمە بۆی. ململانێ و وەچەرخانێکی مێژوویی گەورەیە لە ئومەتی ئیسلام و خەڵکی سووریا دا. بەم شەڕە، سووریا و تەواوی ناوچەکەمان لە هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژی رزگارکرد، کە هەڕەشەی گەورە لەسەر بوونی پێکهاتەکان لە سووریا دا هەبوو. هەڕەشە لەسەر بوون هەبوو، ئەگەری هەبوو سووریا دابەش بێت، پێکهاتەکان لە هەر شوێنێک زۆرینەبن، دابەش دەبوون و دەبوونە کەمینە. ئەوەی کۆچی کرد و ماڵ و حاڵی بەجێهێشت، کۆچەکەی بۆ هەمیشەیی بوو، ئەوەش تاوانێکی گەورە بوو. هیچ تاوانێک لە تاوانی دەرچوونی خەڵک لە ماڵەکەی گەورەتر نییە؛ بەڵام سوپاس بۆ خوا بە پشتیوانیی خودای باڵادەست، توانیمان هاوسۆزیی پێکەوەیی سوورییەکان بگەڕێنینەوە، بەخودا گەورەترین دیمەنە، ئەمە کاروانێکی دووروودرێژبووە، 21 ساڵ کەم نییە.
سەیرکە کاتێک دەبینی خەڵک هەموو بۆ ماڵەکانیان دەگەڕێنەوە، هەیە 13 ساڵە دایکی خۆی نەبینوە، ئەوە دەبینی 8 ساڵە براکەی نەبینیوە، سووریاییەکان پەرش و بڵاوبوون، بەڵام یەکێک لە گەورەترین بەرهەمەکانی ئەو شەڕە کۆکردنەوە و بەیەکەوە شادبوونەوەی خەڵک بوو، دۆخەکە هەرچەند سەخت و دژواربێت، بەڵام ئەگەر ویست و پێداگریی لەسەر کارەکە هەبێت، خودای گەورە کارئاسانیت بۆ دەکات، بەو مەرجەی کارەکەمان دڵسۆزانە بۆ خودای گەورە و باڵادەست بێت و ئامانجەکە خزمەتی خەڵک بێت، نەوەک خزمەتکردنی کەس و حیزب و ناوچەکانمان و هەتا دواتر. ئێمە جوگرافیایەکی زۆر گەورەمان لە مێژوودا هەیە، دۆخ و پێگەیەکی قوڵی هەیە، پێویستە مافی خۆی بدەینەوە شام. مافی خۆی پێدەینەوە بەوەی شکۆ و عیزەت بۆ خەڵک بگەڕێنینەوە و بە دروستی بنیادی بێنینەوە. دەرفەت لەبەردەممانە، پێویستە ئەو خەڵکەی ئاوارە و دەربەدەر و پەناهەندەیە، بگەڕێنەوە. پێویستە هەموو خەڵک بگەڕێنەوە و دەست لەنێو دەست بن و پشت بە خوا سووریای داهاتوو بنیاتبنێین، خوای گەورە خێری زیاترتان پێبدات.