بەهای دراوی ئێران زیاتر دابەزی؛ یەک دۆلار بە نزیکەی 74 هەزار تمەنە

رووداو دیجیتاڵ

بەهای تمەن ئەمڕۆ بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی زیاتر دابەزی، بەو پێیەش درێژەی دا بە شەپۆلی نوێی دابەزینەکانی ئەم هەفتەیەی خۆی کە لە دواری رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە دەستیپێکردووە.
 
بەپێی ماڵپەری (نەڤەسان) کە تایبەتە بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆی ئێران، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 12-12-2024) یەک دۆلار بە 73 هەزار 750 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت. بەوپێیەش لە دوێنێوە بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار،  هەزار تمەنی دیکە دابەزیوە.
 
تاوەکو پێش رووخانی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، یەک دۆلاری ئەمریکی بە کەمتر لە 70 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا و، رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8-12-2024، واتای لەدەستدانی هاوپەیمانێکی گرنگی ناوچەیی ئێران بوو.
 
نیگەرانی لە داهاتووی ئەو وڵاتە و لێدوانەکانی دوێنێی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هیچ هێمایەکی بۆ سازشکردن لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی تێدانەبوو، بەهای تمەنی بەرەو دابەزینی زیاتر هاندا.
 
عەلی خامنەیی لە وتارێکیدا رۆژی چوارشەممە (11-12-2024) رایگەیاند، " بەرەی بەرگری، زیاتر بەهێز دەبێت."
 
بازرگانانی دراو بە میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانیان گوتووە؛ لەم هەفتەیەدا خواست بۆ کڕینی دۆلار لەلایەن کۆمپانیاکان و خەڵکەوە زیادیکردووە و، سەرەڕای هەوڵەکانی بانکی ناوەندیی ئێرانیش بۆ خستنەڕووی زیاتری دراوی بیانی وەک درهەم بۆ بەرزکردنەوەی بەهای تمەن، بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران بەرامبەر بە دۆلار و یۆرۆ، زیاتر دابەزیوە.